سەندیکای مامۆستایانی عێراق - لقی کەربەلا رایگەیاند، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر پێدانی ١٠٠ ملیۆن دینار بە قەرز و دانەوەی لە ماوەی ٢٠ ساڵدا بە مامۆستایان بە ئامانجی دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوونیان، دەشڵێت، پێشبینیدەکرێت هەموو ئەندامانی سەندیکا بگرێتەوە لەسەرتاسەری عێراقدا.
رەزا کەرعاوی جێگری سەرۆکی سەندیکای مامۆستایانی عێراق - لقی کەربەلا بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر خەرجکردنی ١٠٠ملیۆن دینار کە وەک قەرز بدرێتە مامۆستایانی شارەکە بە ئامانجی دروستکردنی خانووی نیشتەجێبوون.
دەشڵێت، بڕی قەرزەکە ١٠٠ ملیۆن دینارە و لەماوەی ٢٠ ساڵدا دەدرێتەوە
و بۆ وەرگرتنیشی پێویستی بە کەفیل نییە و تەنها مامۆستاکە بەڵگەیەک بهێنێت کە پارچەیەک
زەوی وەرگرتووە قەرزەکەی پێدەدرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، ئامانجیان ئەوەیە پێشنیازەکە سەرجەم ئەندامانی سەندیکای
مامۆستایان لە سەرتاسەری عێراق بگرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا چاوەڕێدەکەن چەکی پارەکانیان پێبدرێت، هەرکات
پێیاندرا راستەوخۆ داوا لەبانکی ناوەندی دەکەن قەرزەکەیان بۆ خەرج بکات کە لە قۆناغی
یەکەم و دووەمدا شەش هەزار مامۆستا سودمەند دەبن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی هەرێم ماوەی چەند ساڵێکە دابەشکردنی پارچە
زەوی بەسەر فەرمانبەران بەگشتی و مامۆستایان بەتایبەتی راگرتووە و بە بیانوی هەبوونی
قەیرانی دارایش سەرجەم پێشینەکانی خانووبەرە و هاوسەرگیری راگرتووە.