سەردێڕ:

گروپی چەکداری حەققانی کێن؟.. بۆچی ترسی لە دڵی ئەفغانستاندا دروستکردووە؟

PM:03:56:22/08/2021

6312 جار خوێندراوەتەوە

سەرکردە گەورەکانی تاڵیبان لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانی ئەفغانستان لەکۆبوونەوەدان بە ئامانجی پێکهێنانی حکومەتێکی بنکە فراوان، لەنێویشیاندا نوێنەری گروپی چەکداری حەققانی ئامادەییان هەیە، کە بە توندڕەوترین گروپی ناو بزوتنەوەی تاڵیبان ناسراون.


گروپی چەکداری حەققانی توندترین و خوێناوی ترین چالاکی سەربازی دەدرێتە پاڵیان، بەتایبەتی هێرشە چەکدارییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی کە بەهۆیانەوە چەندین بەرپرسی حکومی و کەسانی سیڤیل کوژراون.

گروپی چەکداری حەققانی کێن؟

لەماوەی جەنگی نێوان چەکدارانی ئەفغانی و سوپای یەکێتی سۆڤییەتی جاران لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی رابردوو، گروپی چەکداری حەققانی لەسەر دەستی جەلالەدین حەققانی دامەزرا. ئەوکات، دەزگای هەواڵگری ئەمریکا "سی ئای ئەی" جەلالەدین حەققانی بە کەسایەتییەکی متمانەپێکراو و گرنگ دەناساند و هەردوو حکومەتی ئەمریکا و پاکستانیش بەچەک و پارە کۆمەکی چەکدارانی ئەفغانستانیان دەکرد.

دوای پاشەکشەکردنی سوپای یەکێتی سۆڤییەت و لەکاتی سەرهەڵدانی ململانێکانی نێوان چەکدارانی ئەفغانستان، جەلالەدینی حەققانی پەیوەندی کرد بە چەکدارە عەرەبە- ئەفغانییەکانەوە و لە نێویشیاندا ئوسامە بن لادن و گروپی ئەلقاعیدە.

لەساڵی ١٩٩٦، دوای ئەوەی بۆ یەکەم جار بزوتنەوەی تاڵیبان ئەفغانستانی کۆنتڕۆڵکرد، گروپی چەکداری حەققانی پەیوەندییان کرد بەریزەکانی ئەو بزوتنەوەیەوە و خودی جەلالەدینی حەققانیش لە حکومەتەکەی تاڵیباندابووە وەزیر و تا جەنگی ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٠١ بەردەوام بوو.

لەساڵی ٢٠١٨ دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیدا، بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، جەلالەدینی حەققانی بەهۆی نەخۆشییەوە گیانیلەدەستداوە، دوای ئەویش سیراجەدینی حەققانی کوڕی شوێنی گرتەوە و بووبە بەرپرسی یەکەمی گروپەکە.

چەکدارانی گروپی حەققانی بە سەربەخۆییان و توانای تایبەتییان لەشەڕکردن و راهێنان و گرێبەستە پڕقازانجەکانیان ناسراون، ئەگەرچی لەناو ریزی چەکدارانی تاڵیباندا ماونەتەوە.

بنکەی سەرەکییان سنوری باکوری خۆرئاوای پاکستانە. لەچەند ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەوەی گەورەترین گروپی چەکداری ناو ریزەکانی بزوتنەوەی تاڵیبان بوون، لەساڵی ٢٠١٥ەوە سیراجەدین حەققانی کرایە جێگری کەسی یەکەمی بزوتنەوەی تاڵیبان.

هەفتەی رابردوو، لەسەرەتای کۆنتڕۆڵکردنی کابوڵەوە لەلایەن گروپی چەکداری تاڵیبانەوە، ئەنەس حەققانی برا بچوکی سیراجەدین حەققانی لەگەڵ حامید کارزای سەرۆکی پێشو و عەبدوڵا عەبدوڵا جێگری پێشوی سەرۆکی ئەفغانستان دەستی بە گفتوگۆکردن کرد.

ئەنەس حەققانی پێشتر لەلایەن حکومەتی پێشووی ئەفغانستانەوە دەستگیرکرا و سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرا، دواتر لە ئەنجامی رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و بزوتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠١٩ ئازادکرا.

بۆچی گروپی حەققانی سەرچاوەی ترس و نیگەرانین؟

گروپی چەکداری حەققانی تۆمەتباردەکرێت بە ئەنجامدانی چەندین چالاکی خوێناوی لە ئەفغانستاندا بەتایبەتی لە دوو دەیەی رابردوودا.

ئیدارەی ئەمریکا گروپەکەی خستە نێو لیستی گروپە تیرۆریستەکانەوە و چەندین سزای بەسەردا سەپاندن.

گروپەکە بەوەناسراوە، بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی پەنا دەباتە بەر کردەوەی خۆکوژی و چاندنی بۆمب و چاندنی ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرەکان بە بۆمب و ئەندامە خۆکوژەکانی چالاکییەکان ئەنجامدەدەن.

لە ئەنجامی چەند کردەوەیەکەوە گروپی چەکداری حەققانی توانییویەتی توانای خۆی بسەلمێنێت لە چوارچێوەی هێرشەکانییەوە و ئەنجامدانی هێرشە قورس و سەختەکانی و بەهۆیەوە ژمارەیەکی زۆر کەسانی مەدەنی و سەربازی و بەرپرسان بکوژن و هێرش بۆسەر بنکە سەربازییەکان و کونسوڵخان و باڵیۆزخانە بیانییەکان بکەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ناوەندی نیشتیمانی ئەمریکی بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆر ئاماژەی بەوەداوە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٣ سوپای ئەفغانستان رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ بارهەڵگرێکی گروپی حەققانیدا کە ٢٨ تۆن تەقینەوەی بارکردبوو.

لەلایەکی دیکەوە، گروپی چەکداری حەققانی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی چەندین کرداری کوشتنی سەرکردەکان. لە ساڵی ٢٠٠٨ هەوڵیاندا حامید کارزای سەرۆکی ئەوکاتی ئەفغانستان تیرۆربکەن. جگە لەوەی چەندین جار بەرپرسان و کەسانی دبلۆماتییان رفاندووە و لەبەرامبەردا بە بڕێک پارە ئاڵوگۆڕیان پێکردوون.

لەبارەی پەیوەندییەکانی گروپەکەوە بە لایەنی دیکەوە، گوماندەکرێت لەلایەن دامەزراوە سەربازییەکانی پاکستانەوە پشتیوانی بکرێت و پەیوەندی پتەوبێت. مایک مۆڵن فەرماندە لە سوپای ئەمریکا ساڵی٢٠١١ گروپەکەی بە "باڵی راستەقینەی" دەزگای هەواڵگری پاکستانی دانا. لەبەرامبەردا پاکستان هەواڵەکەی رەتکردەوە.

چاودێرانی سیاسی و هەواڵگری، گروپی چەکداری حەققانی بە هێڵی پەیوەندی سەرەکی نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەلقاعیدە دادەنێن.

رۆڵی گروپەکە لە سیستمی نوێی تاڵیباندا

بە ئامادەبوونی دوو نوێنەری سەرەکی گروپەکە، رۆڵی گرنگی لە سیستمی نوێی تاڵیباندا دەردەخات.

لە چەند ساڵی رابردوودا، دانانی سیراجەدین حەققانی بە جێگری کەسی یەکەمی ئەو بزوتنەوەی تاڵیبان بەڵگەیە لەسەر بەهێزی گروپەکە لە بزوتنەوەکەدا و هەبوونی رۆڵی سەرەکی تیایدا.

ئازادکرنی ئەنەس حەققانی، برا بچوکی سیراجەدینی حەققانی لە زیندانییەکانی ئەفغانستان لەئەنجامی رێککەوتنی بزوتنەوەی تاڵیبان و ئەمریکا، دوای ئەوەی سزای لە سێدارەدانی بۆ دەرکرابوو، دواتریش لە ئەنجامی رێککەوتنەکە ئەمریکا سوپاکەی لە ئەفغانستان کشاندەوە، بە بڕوای چاودێران ئەمەش بە پێگەی گروپی حەققانی و رۆڵی دەردەخات لەناو بزوتنەوەکە و ئاراستەکردنی سیاسەت و چالاکییەکانی.

ساڵی رابردوو، سیراجەدین حەققانی وتارێکی بۆ نیۆرک تایمز نوسی و تیایدا هەڵوێستی تاڵیبانی لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان بزوتنەوەکە و ئەمریکای دەستنیشان کرد.

لە ئێستاشدا، لە کابوڵی پایتەخت، لەلایەک ئەنەس حەققانی لەگەڵ حامید کارزای و عەبدوڵا عەبدوڵادا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەوە گفتوگۆدەکات و لەلایەکی دیکەوە خەلیل حەققانی مامی لە مزگەوتی گەورەی کابوڵ وتاری هەینی خوێندەوە و پێشنوێژی بۆ نوێژخوێنان کرد.

ئەمە لەکاتێکدایە، تا ئێستاش هەریەک لە سیراجەدین حەققانی و خەلیل حەققانی مامی لە لیستی داواکراوانی ئەمریکان و دوو ملیۆن دۆلاریش وەک خەڵات بۆ هەرکەسێک تەرخانکراوە یارمەتی هێزەکانی ئەمریکا بدەن لەسەر دەستگیرکردنیان.

 

کامەران ئەحمەد













گەلەری