سەردێڕ:

لە رووداوێکی سەرنجراکێشدا؛ ژنێکی ئەفغانی لە ئاسماندا منداڵی بوو

AM:11:39:22/08/2021

15388 جار خوێندراوەتەوە

ژنێکی ئەفغانی دوای ئەوەی لەگەڵ خێزانەکەیدا دەچنە ناو فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکییەوە لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، لەکاتی نزیکبوونەوەیان لە بنکەی سەربازی رامشتاین لە ئەڵمانیا، لە ئاسماندا ژانی منداڵبوون دەگرێت لە بەشی بارهەڵگرتنی فڕۆکەکەدا ژنەکە منداڵەکەی دەبێت.


فەرماندەیی هێڵی ئاسمانی ئەمریکی لە تویتەر بڵاویکردەوە، ژنێکی ئەفغانی لەگەڵ خێزانەکەیدا لەناو فڕۆکەیەکی سەربازی ئەمریکی لە ئاسماندا و لە نزیک بنکەی سەربازی ئەمریکی رامشتاین لە ئەڵمانیا ژان دەیگرێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، دوای ئەوەی تیمی فڕۆکەکە بە رووداوەکە دەزانن، فڕۆکەوانەکە لە پێناو پاراستنی ژیانی ژنەکە و منداڵەکەی فڕۆکەکە نزمدەکاتەوە و بەهۆیەوە ژیانی ژنەکە و منداڵەکە دەپارێزێت.

فەرماندەیی هێڵی ئاسمانی ئەمریکی ئەوەشی خستووەتەڕوو، دواتر دایکەکە بۆ بەشی بارهەڵگرتنی فڕۆکەکە دەگوێزرێتەوە و لەوێ، پێش ئەوەی فڕۆکەکە بنیشێتەوە منداڵەکەی دەبێت.

باسی لەوەشکردووە، لە ئێستادا دۆخی تەندروستی دایکەکە و منداڵەکەی زۆر باشە و لەنەخۆشخانەی نزیک بنکە سەربازییەکە لە ژێرچاودێریدان.

فەرماندەیی هێڵی ئاسمانی ئەمریکی وێنەیەکیان بڵاوکردووەتەوە تیایدا دەردەکەوێت سەربازە ئەمریکییەکان دایکەکە بۆ ناو نەخۆشخانەکە دەگوازنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵەوە ژمارەیەکی زۆی هاوڵاتی ئەفغانی لە ئەفغانستانەوە بۆ ئەڵمانیا گواستووەتەوە و بەرپرسانی بنکەی سەربازی رامشتاین باسیان لەوەکردووە، لە ئێستادا بنکەکە حەوت هەزار و ٥٠٠ پەنابەری ئەفغانی بەشێوەی کاتی تێیدا دەژین.

کـ ، ئـ













گەلەری