سەردێڕ:

کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا: هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ تاڵیبان نییە و دانیان پێدا نانێین

PM:09:50:21/08/2021

3808 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، پەیوەندی دیپلۆماتییان لەگەڵ تاڵیبان نییە، دان بە تاڵیباندا نانێن. دەشڵێن، "تەنها بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوڵاتییان هەندێک پەیوەندی تایبەت بە بەڕێکردنی کارەکانمان هەیە".


پێدرۆ سانچێز سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا، چارلس میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەورووپا، ئورسولا ڤۆن دێر لاین سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا و جۆزێف بۆرێل نوێنەری باڵای یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری پەیوەندییەکانی دەرەوە و سیاسەتی ئاسایش، لە شاری مەدرید سەردانی بنکەی سەربازیی "Torrejon de Ardoz"یان کرد کە ئەو پەنابەرە ئەفغانیانەی لێبوو کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە وڵاتەکەیانەوە هێندراون بۆ ئەوروپا و زۆرینەیان لە رابردوودا هەماهەنگییان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا کردووە.

دواتریش لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا باسی لەوەکرد، پێویستە هاوکاری مرۆیی پێشکەشی پەنابەرە ئەفغانییەکان بکرێت و پێویستە ئەو وڵاتانەی پێشوازی لەو پەنابەرانە دەکەن، دەست بە خۆئامادەکردن بکەن.

وتیشی، "پەیوەندی دیپلۆماتییمان لەگەڵ تاڵیبان نییە، ئێمە دان بە تاڵیباندا نانێین. تەنها بۆ رزگارکردنی ژیانی هاوڵاتییان هەندێک پەیوەندی تایبەت بە بەڕێکردنی کارەکانمان هەیە. دەمانەوێت ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت ئەفغانستان جێبهێڵن، بهێنرێنە فڕۆکەخانەی کابوڵ. دەتوانین گوێ لە تاڵیبان بگرین بەڵام بەپێی بەڵێنەکانیان هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکەین. تەنانەت یەک یۆرۆش نادرێتە رژێمێک کە نکوڵی لە مافەکانی ژنان و منداڵان بکات."

سەرۆکی ئەنجومەنی یەکێتی ئەوروپاش باسی لەوەکرد، "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، بەردەوام بێت لە داکۆکیکردن لە بنەما سەرەتاییەکانی لە ئەفغانستان. هەوڵ دەدەین بۆ رێگریکردن لە لەناوچوونی ئەو شتانەی تا ئێستا هاتوونەتە کایەوە. هیوادارین لە نێوان دڵنیایی ئەمنی و شکۆی پڕۆژەی ئەوروپا هاوسەنگی بپارێزرێت. دەمانەوێت لە ئەفغانستان، سەقامگیری، مافی مرۆڤ، بەها و بنەماکانمان بپارێزین".

لە لایەکی دیکەشەوە ئەوە خراوەتەڕوو، کە لەو بنکە سەربازییەی شاری مەدرید بەشێوەیەکی کاتی شوێنی مانەوەی ٨٠٠ پەنابەر دابین کراوە، لە ئێستادا ٢٠٠ پەنابەری لێیە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ئەنجامدانی پشکنینی کۆرۆنا، پەنابەرە ئەفغانییەکان ٧٢ کاتژمێر لە بنکە سەربازییەکە دەمێننەوە دواتر رێکارەکانیان بۆ ئەنجام دەدرێت و دەنێردرێن بۆ ئەو وڵاتانەی یەکێتی ئەوروپا کە پەنابەر وەردەگرن.













گەلەری