سەردێڕ:

بەڵگەنامەیەکی نهێنی یو ئێن: تاڵیبان ئەو کەسانە دەستگیردەکات کە هاوکاری ئەمریکایان کردووە

AM:09:36:21/08/2021

2660 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بەڵگەنامەیەکی نهێنی نەتەوەیەکگرتووەکانی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بزوتنەوەی تاڵیبان هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ئەو ئەفغانیانەی کە لەگەڵ ئەمەریکا و هێزەکانی ناتۆدا کارییان کردووە چڕتر کردووەتەوە، سەرباری ئەوەی بەڵێنیان داوە تۆڵە لە هیچ کەس و لایەنێک نەکەنەوە.


بەڵگەنامەکە لەلایەن راوێژکارانی خەمڵاندنی هەڕەشەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە ئامادەکراوە و تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو، لە ئێستادا بزوتنەوەی تاڵیبان "لیستێکی سەرەکی" ئەو کەسانەی لەبەردەستدایە کە دەیەوێت دەستگیرییان بکات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەکە، زۆرێک لەوانەی لە لیستەکەدان ئەو ئەفغانیانە دەگرێتەوە کە رۆڵی گرنگیان هەبووە لە سوپای ئەفغانستان و پۆلیس و یەکەکانی هەواڵگریدا.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس کە پشتی بە زانیارییەکانی نێو بەڵگەنامەکە بەستووە، بزوتنەوەی تاڵیبان "دەرگا بە دەرگا" گەڕاوە بۆ ئەو کەسانە و خێزانەکانیشیان تاوەکو دەستگیرییان بکات.

ئەوەش هاتووە، چەکدارانی تاڵیبان خاڵی پشکنینیان لەسەر ئەو رێگایانە داناوە کە دەچنەوە سەر فڕۆکەخانەی کابوڵ و لە زۆرێک لە شارە گەورەکانی دیکەی وەکو جەلال ئابادیش خاڵی پشکنینی لەو جۆرەیان داناوە.

بەڵگەنامەکە لەلایەن ناوەندێکی نەرویجی بۆ شیکارییە جیهانیەکان نوسراوەتەوە، کە رێکخراوێکە زانیاری هەواڵگری بۆ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابیندەکات.

کریستیان نێڵمان بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوە نەرویجییەکە بە فرانس پرێسی راگەیاندووە، "چەکدارانی تاڵیبان خێزانەکانی ئەو کەسانە دەکەنە ئامانج کە رەتیدەکەنەوە خۆیان بدەن بە دەستەوە و دەستگیرییان دەکەن و بەپێی یاسای شەریعەت سزای خێزانەکانیان دەدەن."

ئەوەشی وتووە، "پێشبینی ئەوە دەکەین سەرجەم ئەو کەسانە بگرێتەوە کە پێشتر لەگەڵ ناتۆ و هێزەکانی ئەمریکادا کارییانکردووە و ئەندامانی خێزانەکانیشیان رووبەڕووی ئەشکەنجەدان یاخود لەسێدارەدان ببنەوە."

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە و سەرۆکی پێشووی وڵات و بەشێک لە بەرپرسان وڵاتیان بەجێهێشت.

ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە.

روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بە روبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا و دوو هێندەی روبەری بەریتانیایە.













گەلەری