سەردێڕ:

لەسەر رووداوەکەی زیقار، دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ ١٣ بەرپرس دەرکرد

PM:09:42:13/07/2021

1744 جار خوێندراوەتەوە

دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای زیقار بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی ١٣ بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکە و لەنێویشیاندا بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتییەکە هەیە.


دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای زیقار بڕیاریدا بە دەستگیرکردنی ١٣ بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکە و لەنێویشیاندا بەڕێوبەری گشتی بەڕێوبەرایەتییەکە هەیە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ئاژانسی هەواڵی عێراق بڵاویکردەوە، دادگای لێکۆڵینەوەی پارێزگای زیقار فەرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرکردووە و تیایدا هاتووە، "لەسەر رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لە پارێزگای زیقار، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٣ بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکە دەرکراوە و لە نێویشیاندا سەدام تەویل، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی شارەکە دەرچووە".

 

شەوی رابردوو ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیمام حسێنی زیقار کەوتەوە، ئاماری گیان لەدەستدانەکان بە ئاگرەکە روو لە بەرزییە و بەپێی دوایین زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا ٩٢ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کەسیش بریندارن.


نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لە زیقار تایبەتە بە توشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەپێی زانیارییەکان، ئاگرەکە بەهۆی تەقینی بتڵێکی ئۆکسجینەوە بووە، بەڵام نازانرێت کە بۆچی بتڵەکە تەقیوە.


وەک میدیا عێراقیەکان باسی دەکەن، دوو لەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە کارمەندی نەخۆشخانەکەن و پاش چەند کاتژمێرێک لە ئاگرەکە ئینجا توانرا کۆنترۆڵبکرێت، بەڵام نەخۆشخانەکە بە تەواوی سوتا.


پاش کەوتنەوەی ئاگرەکە باری نائاسایی لە زیقاردا راگەیاندرا و هێشتا لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن و بە فەرمی هیچ لایەنێکی حکومی هۆکاری رووداوەکەی ئاشکرا نەکردووە.


ئەوەش لە کاتێکدایە، سەرلەبەیانی دوێنێ دووشەممەش؛ ئاگر لەنێو باڵەخانەی وەزارەتی تەندروستی کەوتەوە، بەڵام جگە زیانە ماددییەکان هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.







گەلەری