سەردێڕ:

ئاگری دارستانەکانی یۆنان پێی نایە رۆژی پێنجەمەوە

PM:10:05:20/08/2021

3340 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی پێنج رۆژە ئاگر بەربووەتە دارستنەکانی ناوچەی ڤیلا-ی نزیک ئەسینا-ی پایتەختی یۆنان و تا ئێستاش هەوڵەکان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەردەوامن.


بەهۆی بەردەوام گۆڕانی ئاڕاستەی با ناتواندرێت ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت و تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەش لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.

لە ئێستاشدا ئاگرەکە چیای پاتێراس-ی تێپەڕاندوە و بەرەو شاری مێگارا لەپێشڕەویدایە، هەوڵێکی زۆریش دەدرێت بۆ ئەوەی رێگری لە گەیشتنی ئاگرەکە بە ناوچەکانی نیشتەجێبوون بکرێت.

بەهۆی ئەو ئاگرانەشی لە ١٦ی ئابەوە لە یۆنان کەوتوونەتەوە چەندین خانوو و کۆگا لەو وڵاتە سووتاون و لایەنی کەم ١٠٠ هەزار دۆنم دارستان بوون بە خەڵوز.

زیاتر لە ٤٦٠ کارمەندی ئاگرکوژینەوە لەڕێی ١٦٦ ئامێر، چوار کۆپتەر و چوار فڕۆکەی ئاگرکوژێنەوەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەدان.

لە لایەکی دیکەشەوە ئاگری دارستانەکانی پارێزگای کەراتێیا و ئیماسیا کۆنتڕۆڵ کراون و تیمەکانی ئاگرکوژینەوەش لە ئامادەباشیدان بۆ رێگری کردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکان.

بەتۆمەتی کردنەوەی ئاگر لە دارستانەکاندا تەنها لە ماوەی ئەم مانگەدا لە یۆنان ١٨٨ کەس دەستبەسەر کراون و لەو ژمارەیش ٢٥یان بەند کراون کە ماوەی بەند کردنەکانیان لە نێوان ١٨ مانگ بۆ پێنج ساڵدایە.













گەلەری