سەردێڕ:

چەند ساتێک لەترس.. گێڕانەوەیەکی جیاوازی رووداوی کەوتنە خوارەوەی ئەفغانیەکان لەفڕۆکە ئەمریکییەکە

PM:09:55:19/08/2021

21236 جار خوێندراوەتەوە

دیمەنی کەوتنەخوارەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەفغانی لەیەکێک لە فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکادا، سەرنجی زۆرێک لە میدیاکانی جیهانی بەدوای خۆیدا راکێشا، کەتیایدا یەکێکییان ئەستێرەیەکی دیاری تۆپی پێی ئەفغانستان بوو.


لەنێو ئەو کەسانەی لە فڕۆکەکە کەوتنە خوارەوە، دوو پیاو کەوتنەسەر سەربانی خانوویەک لە نزیک فڕۆکەخانەکە؛ خاوەنی خانووەکەش بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، "کاتێک جەستەی ئەو کەسانەم بینی لەسەربانی خانووەکەم، سەرەتا پێم وابوو چەکداری تاڵیبانن و لە فڕۆکەکە فڕێدراون، بەڵام لەکاتی پشکنینی تەرمەکاندا دەرکەوت کە تاڵیبان نین".

خاوەنی خانووەکە چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت، دوای نیوەڕۆی رۆژی دووشەممە لەماڵەوە بووە و پشووی داوە، لەناکاو گوێی لە تەقینەوەیەکی گەورە بووە لەسەربانی ماڵەکەی، کە دواتر بۆی دەرکەوتووە کە ئەو دوو پیاوە کەوتوونەتە سەربانی ماڵەکەی و بەوهۆیەشەوە درزێکی گەورە لەسەربانی ماڵەکەیدا درووست بووە.

دوای بەدوای ئەوەش، دراوسێکانیان بەخێرایی چوونەتە دەرەوەی ماڵەکانیان بۆ ئەوەی بزانن کە چی روویداوە و کاتێکیش کە هەموولایەک چوونەتەسەر سەربانی خانووەکە، " جستەی دوو پیاویان بینیوە کە خوێنیان لێدەچۆڕا، مێشکییان لەنێو کەللـەسەرییان هاتبووە دەرەوە".

ئەو پیاوە ئەوەشی وتووە، "کاتێک کە ژنەکەی دیمەنەکەی بینیوە، دۆخی تێکچووە و بەخێرایی لەو دیمەنە دووریان خستوەتەوە". دەشڵێت، دواتر بەهاوکاری دراوسێکانیان ئەو دوو جەستەیان بردووەتە مزگەوتێکی نزیک و چەند پارچە پەڕۆیەکییان لە دوو جەستەکە پێچاوە، دواتریش هەوڵییان داوە پەیوەندی بەکەسوکاری ئەو دوو کەسەوە بکەن بۆ ئەوەی تەرمەکانیان رادەست بکەنەوە.

دوای کۆنترۆڵکردنەوەی کابوڵ لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، هەزاران کەس روویانکردە فڕۆکەخانەی کابوڵ بۆ دەربازبوون لەحوکمی تاڵیبان، لەکاتی فڕینی فڕۆکەکەشدا دەیان کەس خۆیان پێیدا هەڵواسی بەپێی چاوگە ناوخۆێیەکانی ئەفغانستان چەند کەسێک لەو رووداوەدا گیانیان لەدەستداوە.

یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستدا پزیشکێک بووە بەناوی فیداو زەکی ئەنواری یاریزانی هەڵبژاردەی ئەفغانستان.

ئاژانسی هەواڵی ئەفغانستان چاوپێکەوتنی لەگەڵ فیدا باوکی محەمەد کردوە ، دەڵێت "محەمەد هەوڵێکى زۆریدا بۆ ئەوەی خوێندن بە شێوەیەکی سەرکەوتوو تەواو بکات، بەڵام پێش دامەزراندنی، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێنا".

ئاشکراشیکرد، کوڕەکەی پارەیەکی زۆرى لە پرۆسەی هاوسەرگیریدا خەرج کردوە، بەهۆی ئەوەش پەنای بردە بەر قەرزێکی زۆر ، بەردەوام لە دڵەڕاوکێدا دەژیا و بیری لە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکردەوە بۆ ئەوەی ئیش بکات و قەرزەکانی بداتەوە.

وتیشی، بەڵام دوای ئەوەی کە زانی ئەمەریکییەکان بە گەیشتنی تالیبان و کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی وڵاتەکە، ئەفغانییەکان بە فڕۆکە دەگوازنەوە بۆ ئەمەریکا ئەم هەلەی قواستەوە بەو ئومێدەی بەو کاروانە بگات.

باوکی محەمەد وتیشی، کوڕەکەم دووەم ڕۆژی کۆنتڕۆڵکردنی کابول لەلایەن تالیبانەوە لە ماڵ چوە دەرەوە ، ئێمەش وامانزانی بۆ سەر ئیش و کارەکەی ماڵی بەجێهێشتوە، بەڵام دوای ئەوەی لە وادەی خۆیدا نەگەڕایەوە پەیوەندیم پێوە کرد بەڵام ژمارەکەی داخرابوو.

ئاماژەشی بەوەدا، بەڵام دوای کاتژمێر یەک ونیوی نیوەڕۆ زەنگی تەلەفۆنەکەم لێیدا و پیاوێک پێی وتم کەسێک لە فڕۆکەکە کەوتۆتە خوارەوە و ژمارە تەلەفۆنەکەی تۆی تێدایە.

ئەمڕۆش، بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی جەستەیی و وەرزشی ئەفغانستان رایگەیاند، یەکێک لەو کەسانەی کە فڕۆکەیەکی سەربازیی ئەمریکادا بووە و لەکابوولی پایەتەختەوە بەرێکەوتووە، زەکی ئەتواری یاریزانێکی گەنج و ئەستێرەیەکی دیاری هەڵبژاردەی ئەفغانستان بووە.

رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، چەکدارانی تاڵیبان، پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیاتر لە ٢٠ گەورە ویلایەتی ئەفغانستان، چوونە نێو کابوڵی پایتەختەوە. ئەفغانستان، دانیشتوانەکەی ٣٨ ملیۆن کەسە و نزیکەی ٤.٥ ملیۆن کەس لەکابوڵی پایتەختدا دەژین کە دەکاتە ١٢٪ رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە. هاوکات، لە ٣٤ ویلایەت و ٤٢١ هەرێم پێکهاتووە. روبەری ئەفغانستان ٦٥٢ هەزار و ٨٦٠ کیلۆمەتری چوار گۆشەیە، کە ئەمەش هاوتایە بەرووبەری ویلایەتی تەکساسی ئەمەریکا و دوو هێندەی رووبەری بەریتانیایە.

 

نەورەس غەریب













گەلەری