سەردێڕ:

داوایەک لە بەغداوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان

PM:05:54:19/08/2021

33980 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بە مەبەستی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات.


کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەوان تەواوی پێداویستییەکانی تەندروستی و خوێندن و گوزەران و خۆراک و پێداویستییەکانی دیکەیان بۆ ئاوارە و کۆچبەران دابینکردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو کەمپەکانی کۆچبەران لە عێراقدا پێویستە لە ژێر دەسەڵاتی بەغدادابێت بە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.

کەریم نوری باسی لەوشکردووە، پێشتر دۆخی هەرێمی کوردستان تایبەت بووە و لەئێستادا پێویستە کەمپی پەنابەرەکان دابخرێن و تەواوی ئاوارە و پەنابەرەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ شوێنی خۆیان.

دەشڵێت، پێویستە حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراقدا بکات بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ شوێنی رەسەنی خۆیان.

ئەم قسانەی بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراقی لەکاتێکدایە، کە لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی داعش و پێشتریش بەهۆی تێکچوونی دۆخی سوریاوە، هەزاران ئاوارە و پەنابەر روویان لە هەرێمی کوردستان کرد و تائێستاش ژمارەیەکی زۆر لە پەنابەران لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین.








گەلەری