سەردێڕ:

وەزارەتی تەندروستی عێراق: رێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا ٩٠٪ی تێپەڕاند

PM:04:31:19/08/2021

43012 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، رێژەی چاکبوونەوە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا ٩٠٪ی تێپەڕاند.


وەزارەتی تەندروستی عێراق راشیگەیاندووە، بەپێی ئامارەکان لە کۆی ملیۆنێک و ٨٠٠ هەزار کەسی توشبووی کۆرۆنا لە عێراقدا، ملیۆنێک و ٦٠٠ هەزار کەسیان چاکبوونەتەوە.

هەر بەپێی راپۆرتی تەندروستی عێراق، لە ئێستادا ١٥٧ هەزار توشبووی کۆرۆنا دۆخی تەندروستییان جێگیرە و زیاتر لە هەزار توشبووش لە ژێر چاودێری ورددان، کە ئەوەش بەروارد بە رابردوو رێژەی چاکبوونەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و ریژەی گیان لەدەستدانیش بەرەو کەمی رۆشتووە.

ڤایرۆسی کۆرۆنا (COVID 19)، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٩دا لە شاری وهانی چین بڵاوبووە و دوای ماوەیەک زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتەوە و تائێستاش، نزیکەی ٢٠٩ ملیۆن و ٦٣٦ هەزار کەس تووشی ڤایرۆسەکەبوون، چوار ملیۆن و ٣٣٩ هەزار و ٣٥٧ هەزار کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

دوێنێش، ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "لە ئێستادا بەرەو پێشچوون هەیە لە وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن هاوڵاتیانەوە و بنکەکانی وەرگرتنی ڤاکسین زیادیکردووە."

ئاسۆ حەوێزی لەبارەی پێدانی ژەمە ڤاکسینی سێیەمەوە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەى ئەمەریکا ئاماژەی بەوەکرد، "لە ئێستادا پلانمان نییە ژەمی سێیەم بدەین بە هاوڵاتیان چونکە ژمارەیەکی کەمی هاوڵاتیان ڤاکسینیان وەرگرتووە لە هەرێم و هەوڵدەدەین رێژەکە زیاتر بکەین، دواتر بە هاوکاری رێکخراوی تەندروستی جیهانی رێکاری دیکە دەگرینەبەر."








گەلەری