سەردێڕ:

موقتەدا سەدر بە مەرج دەگەڕێتەوە پرۆسەی هەڵبژاردن

PM:03:57:18/08/2021

8088 جار خوێندراوەتەوە

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە عێراق دوو مەرجی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەران داناوە، مەرجی یەکەمی، دواخستنی هەڵبژاردن بۆ کاتێکی ترە و مەرجی دووەمیشی، داوای لە سیستانی کردووە چەک لە دەرەوەی دەوڵەت نەمێنێت.


ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی بڵاویکردەوە، موقتەدا سەدر سەرکردە شیعەکانی لە نەجەف لە پاشگەزبوونەوە لە بڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان ئاگادارکردوەتەوە و دوو مەرجی داناوە.

سەدر بەم دواییانە لە ڤیدیۆیەکدا لەکاتی سەردانکردنی عەلی سیستانی، مەرجەعی شیعەکانی عێراق بەمەبەستی ئامادەبوون لە پرسەیەکدا دەردەکەوێت.

میدیاکان ئاماژە بە کۆبوونەی هەردوولا دەکەن و سەدر بۆچوونی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەکان خستوتەڕوو و دوومەرجی بۆ پازگەزبوونەوەی داناوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، مەرجی یەکەم سەدر بریتییە لە دواخستنی هەڵبژاردن بۆ وادەیەکی تر بۆئەوەی رەوتەکەی بەباش خۆی ئامادەبکات و دادپەروەری لەگەڵ سەرجەم فراکسیۆنە رکابەرەکانی دەستەبەربکات.

مەرجی دووەمیشی، داوای لە سیستانی کردووە، چەکی دەرەوەی دەوڵەت و گروپەچەکدارەکان قەدەغەبکات کە وەکو هەڕەشەیەك بۆسەر پرۆسەی هەڵبژاردن دەیبینێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی ئەمساڵدا، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، کە بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق ناکەن و دەست لە حکومەتی ئێستا و داهاتوو دەکشێننەوە.

بڕیارە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەرێوەبچێت و پەرلەمانیش رایگەیاندووە، کە سێ رۆژ بەر لە هەڵبژاردن خۆی هەڵدەوەشێنێتەوە، بەڵام هاوڵاتیانی عێراق گرفتیان لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەمساڵدا هەیە و بەشێکیان باس لەوە دەکەن، ئومێدیان بە حزبەکان نەماوە.








گەلەری

‌بەپەلە