سەردێڕ:

دوای گەڕانەوەی تاڵیبان؛ ژنانی ئەفغانستان ترسیان لە لەدەستدانی مافەکانیان هەیە

PM:03:52:18/08/2021

3428 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ گەڕانەوەی چەکدارانی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، ژنانی ئەو وڵاتە ترسی لەدەستدانی ئەو مافانەیان هەیە کە لە ساڵی ٢٠٠١ەکەوە بەدەستیان هێناوە.


رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات و لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، ژنانی ئەفغانستان خۆیان لە دۆخێکدا دەبینەوە کە ناتوانن بەرگری لە خۆیان بکەن و ناشتوانن کۆمەکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بە ئەندازەی دەستدرێژیکردنە سەر مافەکانی ژنان لە ساڵی ٢٠٠١ و زیاتریش، گەڕانەوەی تاڵیبان و دروستبوونی مەترسی لەسەر مافەکانی ژنان دوو هێندە جێگەی نیگەرانییە. ئاماژەی بەوەشکردووە، پشتیوانی کردنی ژنانی ئەفغانستان لە تێکۆشانەکانیان و دۆزینەوەی میکانیزمێک تابتوانن فشاربخەنە سەر تاڵیبان و ئیدارەی سیاسی، کەمترین شتێکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت ئەنجامی بدات.

لە بەرامبەردا، ئینعاموڵا سەمەنغانی بەرپرسی تاڵیبان لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفیزیۆنی فەرمی ئەفغانستان رایگەیاند، "ئیمارەتی ئیسلامی نایەوێت ژنان ببنە قوربانی"، بەڵام زۆرێک لە هاوڵاتییانی ئەفغانی ترسی گەڕانەوەی گرتنەبەری هەمان ئەو هەنگاوانەیان هەیە کە لەساڵانی نێوان ١٩٩٦ تا ٢٠٠١ بزوتنەوەکە ئەزمونی کردوون، لە رێگەنەدان بە ژنان لە کارکردن و جێبەجێکردنی بەردباران کردن و جەڵد لێدان و لە سێداردان.

هاوکات، زەبحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لەیەکەم کۆنفرانسی هەواڵیدا رایگەیاند، "جەنگ کۆتایی هات، لێبوردنی گشتی بۆ هەموو لایەک دەرکراوە، رێگەش بە ژنان دەدرێت لەدەرەوە کاربکەن، بەڵام بە گوێرەی بنەماکانی ئیسلام".

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، لە راپۆرتێکی خۆیدا ئاماژەی بە شەش بوارداوە کە لەماوەی ٢٠ ساڵی رابردوودا ژنان لە نەبوونی دەسەڵاتی تاڵیبان بەدەستیان هێناوە.

خوێندن

لەژێر دەسەڵاتی تاڵیبان ژنان لەسەرو تەمەنی هەشت ساڵەوە بۆیان نەبوو بخوێنن و لەو مافە بێ بەشکرابوون.

بەگوێرەی ئامارەکان، لەساڵی ٢٠١٧ ژمارەی ئەو کچ و ژنانەی پەیوەندییان بە قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە کردبوو رێژەیان ٣٣٪ بووە، ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی دواناوەندی بوون ٣٩٪ بوون، ئەمەش بەروارد بە ساڵی ٢٠٠٣ تەواو بەرزببووەوە.

کارکردن

لەساڵی ٢٠٠١ تەنها لە ١٥٪ ژنانی ئەفغانستان کاریان دەکرد، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ رێژەکە بەرزببووەوە بۆ ٢٢٪. دوای ئەوەی زانکۆی کابوڵ بڕاونامەی ماستەری لە بواری کۆمەڵناسی دایە ژنان لە ساڵی ٢٠١٥ە و چەندین پڕۆژەی تایبەتی لە بواری مۆدێل و ژمێریاری و ئەندازیاری کارەبادا دامەزراند. هاوکات، ژمارەی ژنان لە بوارەکانی رۆژنامەنوسی و چاودێریکردنی کۆمەڵایەتی و جێبەجێکردنی یاسا و پۆلیسدا بەرەوپێشچونێکی بەرچاوی بەخۆیەوەبینی بوو.

جلوبەرگ

لە قۆناغی یەکەمی گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، ژنان ناچار بوون نەک هەر باڵاپۆشبن، بەڵکو روبەند و پەچەش بپۆشن و رویان داپۆشن لەکاتی چوونە دەر لەماڵ و دەبو یەکێک لە نزیکەکانی، باوک، برا، مام، خاڵی لەگەڵدابوایە.

بەڵام، لە ئێستادا و دوای دووبارە گرتنەدەستی دەسەڵات، بزوتنەوەکە بڕیاریداوە ژنان تەنها باڵاپۆشبن، بەمەش واتە دەتوانن دەست و دەم و چاویان بەدەرەوەبێت و پەچە و روبەند نەپۆشن.

مافە یاسییەکانی ژنان

لە ساڵی ٢٠٠٩ حکومەتی ئەنفغانستان یاسای روبەڕووبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان دەرکرد، تیایدا ٢٢ جۆر دەستدرێژی سەر ژنانی قەدەغەکرد، هەرلە دەستدرێژی سێکسی و لێدان و بەزۆر بەشودان و تەنانەت دادگایەکی تایبەت بە ژنان دامەزراند.

رێکخستنی وەچەخسنتەوە

لە دەیەی یەکەمی دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی تاڵیبان، بەهۆی بەکارهێنانی هۆکارەکانی رێکخستنی خێزانی نوێوە ٢٢٪ رێکخستنی خێزان پێشکەوتنی بە خۆوەبینی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەی مردن لەکاتی لەدایک بوون بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزێت. هاوکات، نەتەوەیەکگرتووەکان لە رێگەی سندوقی کۆمەکی دانیشتوانەوە پشتگیری لە هەنگاوەکان دەکرد.

دەسەڵاتی سیاسی

لە ساڵی ٢٠٠١ ژنان رۆڵێکی بەرچاوییان لە بواری سیاسەتدا گێڕا. سوهەیلە سدیق، پزیشکی نوژداری، بووە وەزیری تەندروستی و حەبیبە سەرابی یەکەم ژن بوو بووە دادوەر لە ساڵی ٢٠٠٥ و زەریفە غەففاریش لە ساڵی ٢٠١٨ یەکەم ژن بوو پۆستی سەرۆکایەتی شارەوانی گرتە دەست.

لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٨ ەی پەرلەمانی ئەفغانستان ٤١٧ ژن رکابەرییاندەکرد بۆ گەیشتن بە پەرلەمان، لەکاتێکدا ٢٧٪ ئەندامانی پەرلەمان ژنان پێکیانهێنابوو.

لە ئێستادا، ئینعاموڵا سەمەنغانی رایگەیاند، داوای لە ژنان دەکەن بەشداری ژیانی سیاسی بکەن و پەیوەندی بکەن بە حکومەتی نوێی ئەفغانستانەوە.

لەلایەن خۆشییەوە، نید برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بزوتنەوەی تاڵیبان بەندە لەسەر کردار نەک وتار و قسە، هەربۆیە پێویستە حکومەتێک دابمەزرێنن پابەندبێت بە دابینکردنی مافەکانی گەلەوە.

تاڵیبان بزوتنەوەیەکی چەکداری سوننە مەزهەبن و لە ساڵی ١٩٩٤ لەسەر دەستی مەلا محەمەد عومەر موجاهید لە شاری قەندەهار دامەزرا و لە ساڵی ١٩٩٦ بۆ یەکەم جار کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کرد و دەسەڵاتی گرتەدەست. لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردوو، حکومەتی ئەمریکا سەرجەم هێزەکانی لە ئەفغانستان کشاندەوە و بزوتنەوەی تاڵیبان دەستیکرد بە شەڕ و زۆربەی شارەکانی کۆنترۆڵکرد و دەستی بەسەر کابوڵی پایتەخت و کۆشکی سەرۆکایەتیدا و گرت و حکومەتی ئەفغانستان رووخا، دوێنێش سەرۆکی ئەو وڵاتە دەستبەرداری دەسەڵات بوو و بەرەو تاجیکستان وڵاتی جێهێشت.

 

کامەران ئەحمەد












گەلەری