سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. ناسا لە بواری گواستنەوەدا داهێنانێکی گەورە دەکات

PM:03:37:18/08/2021

11396 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ناسای ئەمریکی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە تیایدا ئەو فڕۆکەیەی نمایشکرد کە لە قۆناغەکانی دروستکردنیایەتی و خێراییەکەشی چەند هێندە لە خێرایی دەنگ زیاترە.


ئاژانسی ناسا رایگەیاند، گرتە ڤیدیۆییەکە لە نێوان مانگی ئایاری ٢٠١٩ و حوزەیرانی ٢٠٢١دا تۆمار کراوە و تیایدا دروستکردن و بەستنی فڕۆکەی ئێکس- 59 نمایشدەکات.

لە گرتە ڤیدۆییەکەدا بەشێوەیەکی خێرا دیمەنی دروستکردنی بەشە سەرەکییەکانی فڕۆکەکە دەردەکەوێت، دواتر بەشەکان پێکەوە دەبەسترێن و پەیکەری دەرەوەی فڕۆکەکە دروستدەکرێت.

ئاژانسی ناسا ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٢ یەکەم گەشتەکانی دەست پێبکات.

پێشتر لەساڵی ٢٠١٩ ئاژانسی ناسا رایگەیاند، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای لۆکهید مارتنی بە بەهای ٢٥٠ ملیۆن دۆلار واژۆکردووە بۆ بەشداریکردن لە دروستکردنی فڕۆکەیەکی لەو جۆرە.

ئاژانسی ناسا بەمەبەستی دروستکردنی فڕۆکەکە سێ تیمی پێکهێناوە بۆ دروستکردنی لاشە و باڵ و بەشی دواوەی فڕۆکەکە. لەکاتی تەواوبوونی بەستنی فڕۆکەکە، سیستمی بینینی دەرەکی بۆ دەبەسترێت کە بەنوێترین شێوە دروست کراوە.

لە تایبەتمەندێتییەکانی فڕۆکەکە دەرکردنی دەنگێکی نزم و خێراییەکەیەتی کەلە دەنگ خێراترە. هاوکات، دەتوانێت دیواری دەنگی ببڕێت کە کەشێکی ئارامتر بۆ سەرنشینەکانی دەستەبەردەکات.













گەلەری