سەردێڕ:

پاش دەستگرتن بەسەر ئەفغانستاندا؛ تاڵیبان داوایەک لە هاوڵاتیان دەکات

PM:06:36:17/08/2021

49676 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، "داوای لێبووردن لەو ھاوڵاتیانە دەکەین کە زیانیان بەرکەوتووە و داواش لەوانە دەکەین کە هەڵهاتوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان."


زەبیحوڵا موجاھید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، حکومەتی نوێ کار بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتیان دەکات و نایانەوێت جەنگ لە ئەفغانستاندا بەردەوام بێت.

وتیشی، "ژنان لە کایە گشتییەکاندا بوونێکی کاریگەریان دەبێت، دەمانەوێت سیستمێکی ئیسلامی گشتگیر بنیات بنێین."

ئاماژەی بەوەشکرد، "داواکارین لە هەموو ئەو هاوڵاتیانەی هەڵاتوون بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، دەمانەوێت سەرەتا دامەزراوەکان بنیاتبنێینەوە دواتر لەسەر ئاڵای وڵات بڕیار دەدەین."

ئەو وتەبێژە وتیشی، لە ئێستاوە کار بۆ داھاتووی وڵات دەکەن و رێگەنادەن چیتر کەس مامەڵە بە چەکەوە بکات.

ئەمە لەکاتێکدایە، دوێنێ دوای ئەوەی ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان ئەو وڵاتەی بەجێهێشت، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان چونە ناو کابوڵی پایتەختی ئەو وڵاتەو دواتر کۆشکی سەرۆکایەتییان کۆنتڕۆڵکرد، شەوی رابردووش فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی کابوڵ جموجوڵێکی زۆر و پشێوی و نائارامییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی کە پەیکە دبلۆماسییەکان و شاندەکان و باڵیۆزخانە و کارمەندانی بیانی ئەو وڵاتەیان بەجێهێشت و ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتییانی ئەو وڵاتەش وڵاتیان بەجێهێشت.








گەلەری