سەردێڕ:

تاڵیبان كێن؟ چۆن پەیدابوون و لەسەر چی بنەمایەک دامەزراون؟

PM:07:56:16/08/2021

15812 جار خوێندراوەتەوە

لە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٩٤ لە ئەنجامی کۆبوونەوەی ٥٣ خوێندکاری خوێندنگەیەکی ئایینی یەکەم شانەى بزوتنەوەی تاڵیبان لەسەر دەستی مەلا محەمەد عومەر بەڕێوەبەری خوێندنگەکە لە ویلایەتی قەندەهار لە سنوری وڵاتی پاکستان پێکهێنرا.


مەلامحەمەد عومەر موجاهید ساڵی ١٩٥٩ لە ویلایەتی قەندەهار لە دایک بووە و لە ساڵی ٢٠١٣ لە بۆردومانی هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە پاکستان گیانی لەدەستدا. لە ساڵى ١٩٩٤ بەشێک لە خوێندکارەکانی قوتابخانە ئایینیەکەی بەمەبەستی کوتاییهێنان بە گەندەڵى و بەرگرتن لە لادانی ئەخلاقی "بە دیدی ئەوان"، بەیعەتییان پێدا و بە ئەمیری خۆیان هەڵیان بژارد و بە سەرکردەی خۆیان قبوڵییان کرد.

نەژادی زۆرینەی ئەندامانی بزوتنەوەکە

بەشێکی زۆری ئەندامانی بزوتنەوەی تاڵیبان سەر بەنەتەوە و نەژادی پشتونین و زۆرینەیان لە خۆرهەڵات و باشوری ئەفغانستان نیشتەجێن و رێژەی ٣٨%ی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێکدەهێنن و ژمارەیان نزیکەی ٣٩ ملیۆن هاوڵاتین.

چوارچێوەى فیکری و مەزهەب و دید و بۆچوونیان

تاڵیبان بزوتنەوەیەکی سوننییە و لە رووی پابەندبوونی فیقهی و پەیڕەوی شەریعەتەوە سەربە پەیڕەوکارانی ئەبوحەنیفەن و لە رووی قوتابخانەی فکری و سیۆلۆجییەوە پەیڕەوکارانی قوتابخانەی ماتوریدین و لە ڕەوتی تەسەوفدا سەر بە رێبازی چەشتین. تەنانەت مەلا هەیبەتوڵا ئاخوند زادەی رابەری سیاسی و رۆحییان هەوادارێکی زۆرى شعر و قوتابخانەی مەولەوییە کە لەلایەن مەولانا جەلالەدین محەمەد بەڵخی ئەفغانستانی، ناسراو بە مەولاناى رۆمیی دامەزراوە.

خوێندکارەکانیان دەرچووى خوێندنگا ئاینییەکانن کە پەیڕەوی لە بەرنامەی قوتابخانەی دیوبەندییەى هیندستان دەکەن و لە رەفتارییاندا رەنگی داوەتەوە.

قوتابخانەکانیان گرنگی بە خوێندنی زانستی فیقهو تەفسیری قورئان و فەرموودە و ژیانی پێغەمبەرى ئیسلام و شوێنکەوتووانی دەدەن. خوێندنیشیان بە شێوەی پلەبەندییە و سەرەتا قۆناغی بنەڕەتی دەخوێنن و دواتر ناوەندى و لە کۆتایی قۆناغی ناوەندیدا دەبێت خولێکى تەواو لە زانستی فەرموودە بخوێنێت، دواتر دەبێتە تاڵیب؛ واتە خوێندکار، کە تاڵیبانیش بە واتای خوێندکارەکان دێت لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. دواتر بەردەوامدەبێت لە خوێندن و دەبێتە مەلا و لە کۆتا قۆناغی خوێندنیشدا دەبێتە (مەولەوی) و پێویستە مێزەر لەسەری بکات و ئەوکات بۆى هەیە لە قوتابخانە ئایینیەکان وانە بڵێتەوە.

رێکخستن و رابەرایەتیکردن

لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان باوەڕی بە پێکهێنانی پارتی سیاسی نییە و رێکخستن و پێکهاتەیەکی رێکخراوی تۆکمەی نییە و گرنگی بە سیستمی ئیدارى و رێکخستنی ناخۆیی نادات، چونکە تاکە ئامانجییان خزمەتکردنی گەلە لەرێگەى چالاککردنی دامەزراوەکانى دەوڵەت و حکومەتەوە.

هەڕەمی پێکهاتەى بزوتنەوەکە لە ئەمیرولموئمینین پێکدێت کە کەسی یەکەمی بزوتنەوەکەیە و تا لە ژیاندا مابێت و تواناى بەڕێوەبردنی هەبێت کەس ناتوانێت لە پۆستەکەی دووری بخاتەوە، مەگەر لە ئیسلام پاشگەزبێتەوە، یان نەخۆش بکەوێت یان هەر هۆکارێکی دیکە ببێتە رێگر لەبەردەم راپەڕاندنی ئەرکەکانی، یان مردنی.

ئەنجومەنەکانى شورا

لە پلەی دووەمدا ئەنجومەنی شورای ناوەندی دێت کە لەبنەڕەتدا ژمارەیان دیاریکراو نییە، بەڵام لەسەرەتاى دامەزراندنییەوە بزوتنەوەکە ٧٠ زانای بە ئەندامى ئەنجومەنەکە دەستنیشان کرد. هەر ویلایەتێکیش ئەنجومەنێکی شورای تایبەت بەخۆى هەیە.

خانەى فەتوادان

ژمارەیەکی دیارینەکراو ئەندامن لە خانەی فەتواداندا و ئەرکیان رایکردنی کاروبارى شەرعی و ژیانى رۆژانەی خەڵکە و بنکەى سەرەکی لە قەندەهارە.

ئەنجومەنی شورا و شوراى ویلایەتەکان، هەر بڕیارێک دەربکەن ئەوا ئەمیر مەرج نییە پابەندی بێت، چونکە کۆتا بڕیار دەگەڕێتەوە بۆلاى ئەو.

بیری سیاسی بزوتنەوەى تاڵیبان

بزوتنەوەکە بیرۆکەى دیموکراتی رەتدەکەنەوە، چونکە دیموکراتی واتە گەڕانەوە بۆ راى گەل و گەل سەرچاوەى یاسادانانە نەک خودا. هاوکات، باوەڕیان بە دانانى دەستور نییە، بەڵکو قورئان و فەرموودە دەستورى دەوڵەتی ئیسلامین.

گرنگییەگی زۆر دەدەن بە رووکەش، پیاوان دەبێت ریش بهێڵننەوە و مێزەر لەسەر بکەن. نابێت قژ بهێڵنەوە و میوزیک و گۆرانى و وێنە حەرامن. ژن بۆى نییە لە دەرەوە کاربکات و لە ماڵ بچێتە دەرەوە. پێویستە دەستەی فەرمانکردن بە چاکە و رێگریکردن لە خراپە فەرمانە شەرعییەکان جێبەجێبکەن.

لایەنی دەروونی ئەندامانى بزوتنەوەکە

سەرسەختى و خۆراگری و ئارامگرتن لە دۆخە سەختەکاندا، لە دیارترین تایبەتمەندێتییە سایکۆلوجییەکانى ئەندامانى بزوتنەوەى تاڵیبانن. هەروەها، لە بەرامبەر سەختی ژیان و دۆخە قورسەکاندا زۆر خۆڕاگرن. رێزى زانایانیان دەگرن و بۆ بیروباوەڕەکەیان دڵسۆزن و چالاکن بۆ جێبەجێکردنى فەرمانەکانیان و ژیانیان سادەیە.

دیارترین ئامانجەکانى بزوتنەوەکە

ئەفغانستان لە روبەڕوبوونەوەى حکومەتى سۆڤیەتى جاران و بە تێپەڕبوون بە جەنگە ناوخۆییەکان و بڵاوبوونەوەى گەندەڵى و نادادپەروەرى هۆکارى سەرەکی سەرهەڵدانى بزوتنەوەکە بوون. لە نیسانى ساڵی ١٩٩٦ بزوتنەوەکە دواى ئەوەى توانیان بۆ یەکەم جار دەست بەسەر ئەفغانساندا بگرن لە دیارترین ئامانجەکانیان راگەیاند کە بریتی بوون لە:

یەکەم: دامەزراندنى حکومەتێکی ئیسلامی لەسەر پەیڕەوى خەلیفە راشیدینەکان.

دووەم: ئیسلام دینی گەل و دەوڵەتە. هەر بۆیە دەبێت یاساکانی دەوڵەت لە قورئان و فەرموودە و شەریعەتی ئیسلامەوە وەربگیرێن.

سێیەم: دەبێت پیاوان و زانایانی ئایینی پۆستە باڵاکانى وڵات بگرنە دەست.

چوارەم: ریشەکێشکردنی بیرى ناسیۆنالیستى و نەژادپەرستى.

پێنجەم: پاراستنى ئەهلى زیممە (شوێنکەوتووانى ئاینەکانى دیکە و کەمە ئاینەکان) و پاراستنى ژیان و ماڵ و سامان و رێزییان لێ بگیرێت، لەگەڵ پاراستنى ئەو مافانەیان کە شەریعەتی ئیسلامی بۆی دیاریکردوون.

شەشەم: پێویستە باڵاپۆشى ژنان پارێزراو بێت و لە سەرتاسەرى وڵات و لەهەموو بوارەکاندا پێیەوە پابەندبن.

حەوتەم: دەبێت ئابوری وڵات بە ئیسلامی بکرێت و گرنگى بە گەشەپێدانى ئابورى ئەفغانستان بدرێت، داواش لە وڵاتانى ئیسلامی دەکات هاوکارییان بکەن و زەکات و بەخشینەکان کۆبکەنەوە و لە پڕۆژەکاندا خەرجبکرێن.

 

کامەران ئەحمەد













گەلەری