سەردێڕ:

یەکەم لێدوانی سەرۆکی ئەفغانستان دوای هەڵهاتنی

PM:11:38:15/08/2021

29488 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەفغانستان چەند کاتژمێرێک دوای هەڵهاتن و جێهێشتنی وڵاتەکەی رایگەیاند، بزوتنەوەی تاڵیبان خۆی ئامادەکردبوو بە زەبری چەک و هێز و خوێنڕشتنەوە دەسەڵاتی خۆی بەسەر کابولدا بسەپێنێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان لە بڵاوکراوەیەکدا، دوای چەند کاتژمێرێک لە جێهێشتنی وڵات و دەستگرتنی بزوتنەوەی تاڵیبان بەسەر کابولى پایتەختدا رایگەیاند، لە ئێستادا بزوتنەوەی تاڵیبان لەبەردەم ئەزموونێکی مێژوویدایە و زۆرێک لە هاوڵاتییانی ئەفغانستان نیگەرانن.

لە درێژەی بڵاوکراوەکەیدا ئەشرەف غەنی ئاماژەی بەوەدا، دڵنیابووە لەوەی ئەگەر لە وڵاتدا بمایەتەوە ئەوا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی خۆیان بەکوشت دەدا و کابولیش وێران دەبوو.

دەشڵێت، دواجار تاڵیبان سەرکەوت.

دوای ئەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان گەمارۆی کابولی پایتەختی ئەفغانستانیدا، ئەشرەف غەنی دەستی لەکار کێشایەوە و بەفڕۆکەیەکی ئەمەریکی بەرەو تاجکستان بەڕێکەوت، بەڵام لە هیچ شوێنێکی راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بە شوێنی مانەوەی نەدا.

ئەمە لەکاتێکدایە، زەبیحوڵا موجاهید وتەبێژی بزوتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند، دوای ئەوەی پۆلیسی ئەفغانستان دەست بەرداری ئەرکەکەی بوو لە پاراستنی هاوڵاتییان و ئاسایشی کابول، بزوتنەوەکە بە ئامانجی پاراستنی ژیان و ئاسایشی هاوڵاتییان فەرمانی کردووە بە چەکدارەکانی بچنە ئەو شوێنانەی پۆلیسی تێدا نەماوە و بەشێک لە هاوڵاتییان دەستیان بە نانەوەی پشێوی و دزیکردن و تاڵانکردن کردووە و ئێوارەی ئەمڕۆ بەتەواوەتی چەکدارانی بزوتنەوەکە چونە ناو شاری کابولەوە و دەستیان بەسەر کۆشکی سەرۆکایەتیدا گرت.













گەلەری