سەردێڕ:

کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرامبەر گەڕانەوەی تاڵیبان

PM:08:33:15/08/2021

5896 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی ئیسرائیل رایگەیاند، سەرکەوتنی تاڵیبان و دەستگرتنی بەسەر حکومەتی ئەفغانستان کاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دروستدەکات. هاوکات، حکومەتی روسیا رایگەیاند، هێشتا بەفەرمی دانی نەناوە بە حکومەتەکەی تاڵیباندا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی دۆخی ئەفغانستان، ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەو وڵاتە رەزامەندی لەسەر دەست لەکارکێشناوەی نیشاندا و پێشکەشی حکومەتەکەی کرد و دواتر بەرەو تاجکستان هەڵهات.

لە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکاندا، موشیە یەعالون وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە تویتێکیدا رایگەیاند، دەستگرتنی تاڵیبان بەسەر ئەفغانستاندا کاریگەری لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەی دادەنێت. 

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەو ئامانجانەی ئەمریکا بۆی جەنگا لە ئەفغانستان، کە نەهێشتنی مەترسییەکان بوو بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی، بەدەستیهێنا، هەر بۆیە لە بەرژەوەندیمان نییە لە ئەفغانستان بمێنینەوە".

دەشڵێت، سوپای ئەفغانستان چی دیکە لە توانایاندا نەمابوو بەرگری لە وڵاتەکەیان بکەن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمریکا توانیویەتی پەیکەکانی لە ئەفغانستان و باڵیۆزخانە و کارمەندەکانی بەسەلامەتی لەو ڵاتە بپاڕێزێت و هۆشداریشی داوەتە بزوتنەوەی تاڵیبان هەر ئەمریکییەک هێرشی بکرێتە سەر بە توندی وەڵامی دەدەنەوە.

لەلایەن خۆیەوە، زەمیر کابۆلۆف پەیکی سەرۆکی روسیا لە ئەفغانستان ئاشکرایکرد، مۆسکۆ ئامادەیە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی راگوزەری بکات، هەربۆیە داوادەکات، حکومەتێکی کاتی راگوزەر پێکبهێنرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، تا ئێستا روسیا بە فەرمی دانی نەناوە بە یاسایی بوونی دەسەڵاتی تاڵیبان.

مارک جارنۆ وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە راگەیەنراوێکیدا ئاماژەی بەوەدا، وڵاتەکەی بالیۆزخانەکەی لە ئەفغانستان داخستووە و کارە دبلۆماتییەکانی لە ئێستادا هەڵپەساردووە و سەرجەم کارمەندانی باڵیۆزخانە و پەیکە دبلۆماتییەکانی بە فڕۆکەیەک ئەو وڵاتەیان بەجێهێشتوون و بەرەو وڵات گەڕاونەتەوە.

بەرپرسێکی باڵای هاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" بە رۆیتەرزی راگەیاند، ناتۆ پەیکە دبلۆماتییەکانی لە کابوڵ دەهێڵێتەوە و بەردەوامدەبێت لە پەرەپێدانی ئەفغانستان.

هاوکات، هەریەک لە ئەڵمانیا و هیندستان و سوید باڵیۆزخانەکانیان لە کابوڵ داخست و سەرجەم کارەمەند و پەیکە دبلۆماتییەکانیان بۆ وڵاتەکانیان گەڕاندەوە.

میدیاکانی ئێرانیش بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوەیان بە سەدان خۆپیشاندەری ئەفغانستانی کردووە لە تارانی پایتەخت کە لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان کۆبووبوونەوە و داوایان کردبوو رێگە نەدرێت جارێکی دیکە تاڵیبان دەسەڵات بگرێتەوە دەست.

خۆپیشاندەران لە دروشمەکانیاندا داوایان کردبوو، ئەگەر توندڕەوی لە ریشەوە هەڵنەکێشرێت ئەوا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست هەرگیز ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.

لەلایەن خۆشییەوە، حسێن قاسمی بەڕێوبەری گشتی کاروباری سنورەکان لە وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە پێشوازی لەو ئاوارە ئەفغانیانە بکات کە لە شارە هاوسنورەکانی ئەفغانستانەوە هەڵهاتوون و هاتوونەتە ناو خاکی وڵاتەکەیەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژ، چەکدارانی بزوتنەوەی تاڵیبان هێرشەکانیان بۆسەر چەندین ویلات لە ئەفغانستان دەستپێکرد و لە کەمتر لە هەشت رۆژدا توانیان لە کۆی ٣٤ ویلایەت دەست بەسەر زیاتر لە ٢٠ ویلایەت و پایتەختەکانیاندا بگرن و چەندین ویلایەتیش بێ روودانی هیچ پێکدادان و شەڕێک کۆنتڕۆڵ بکەن. ئەمڕۆش ئەشرەف غەنی سەرۆکی ئەفغانستان دوای رازیبوونی لە دەستبەردانی دەسەڵات، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی حکومەت کرد و بە فڕۆکەیەکی ئەمریکی بەرەو تاجیکستان وڵاتی بەجێهێشت.













گەلەری