دوای تەقینەوەکەی عەکار لە باکوری لوبنان، یەکەکانی سوپای ئەو وڵاتە دەستیان کرد بە هەڵمەتی دۆزینەوەى ئەو کۆگایانەى بەنزین کە بەشێوەى نایاسایى حەشاردرابوون و لە ئەنجامدا دەستبەسەر هەشت کۆگادا گیرا.
ئەمرۆ یەکشەممە، سوپای لوبنان لە شارۆچکەی نەبى عوسمان توانی دەستبەسەر هەشت کۆگاى بەنزیندا بگرێت کە بەشێوەی نایاسایی نزیکەی ٢٠٠ هەزار لیتر مادەی مازوت و ١٣٠ هەزار لیتر بەنزینى تیادا هەڵگیرابوو بۆ ئەوەى بە رێگای نایاسایی ببرێتە دەرەوەی وڵات و لە بازاری رەشدا بفرۆشرێت.
هاوکات لە هەردوو ناوچەی دێر قوبیل و جعیتا، سوپای لوبنان لە پرۆسەی گەڕان و
دۆزینەوەی بەنزیندا، دەستی بەسەر هەردوو مادەی بەنزین و مازۆتدا گرت.
هەروەها یەکەیەک لە سوپای لوبنان هەڵیکوتایە سەر ناوچەی سەری بەعلەبەک و خاوەن
بەنزینخانە و کۆگاکانى ناچارکرد وێستگە داخراوەکانیان بەڕوی هاوڵاتیاندا بکەنەوە و
بەنزینیان پی بدەن.
ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شارۆچکەی تەلیل– عەکار لە باکوری لوبنان
کۆگایەکى بەنزین تەقییەوە و بە هۆیەوە ٢٨ کەس گیانیانلەدەستدا و ٨٠ کەسی دیکەش برینداربوون.