سەردێڕ:

ژمارەی گیانلەدەستدان بەھۆی بوومەلەرزەکەی هایتییەوە بۆ ٣٠٤ کەس بەرزبووەوە

PM:03:16:15/08/2021

2300 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی بەرگریی شارستانی ھایتی رایگەیاند، ژمارەی ئەوانەی بەھۆی بوومەلەرزەکەوە کە بە گوڕی ٧.٢ پلە ناوچە کەناراوەکانی ھایتیی هەژاند گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٣٠٤ کەس و هەزار و ٨٠٠ کەسیش برینداربوون.


پاش ئەوەی دوێنێ بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٢ پلە لە کەناراوەکانی ھایتیی هەژاند، دواتر ئاژانسی بەرگریی شارستانی ھایتی بڵاویکردەوە، سەرباری زیانە زۆرە ماددییەکان، بەڵام بەهۆی بومەلەرزەکەوە بەلایەنی کەمەوە ٣٠٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و ٨٠٠ کەسیش برینداربوون.

دوێنێ، ناوەندی لێکۆڵینەوەی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٧.٢ پلە، دواتریش بومەلەرزەیەکی دیکە بە گوڕی ٥.٢ پلە ناوچە کەناراوییەکانی هایتی هەژاندووە و و لە رۆژانی داھاتووش پێشبینی روودانی بومەلەرزەی زیاتر دەکرێت.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، بەهۆی بومەلەرزەکەوە بەلایەنی کەمەوە ٩٤٩ خانوو، حەوت کەنیسە، دوو هۆتێل و سێ قوتابخانە بەتەواوی خاپووربوون. هاوکات، ٧٢٣ خانووی دیکە، بەندیخانەیەک، سێ ناوەندی تەندرووستی و حەوت قوتابخانەی دیکە زیانیان بەرکەوتووە.

هاوکات، سەرۆکوەزیرانی ھایتی، ئاریێل ھێنری لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بوومەلەرزەی وڵاتەکەی بە "دراماتیکی" ناوبردووە و داواشی لە ھاوڵاتییان کردووە کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو دۆخە ترسناکە پشتیوان و ھاوسۆزبن.

لەساڵی ٢٠١٠شدا، بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٧ پلە بەپێوەری رێختەر هاتی هەژاند و بەوهۆیەشەوە، زیاتر ٣٠٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیکەش برینداربوون، سەرباری ئەوەی زیانێکی زۆری ماددی بەر ئەو وڵاتە کەوت.













گەلەری