سەردێڕ:

لە ئاڵوگۆڕی دراودا ٢٥ ملیار دۆلار لە عێراق دیارنەماوە

PM:08:12:14/08/2021

8248 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەدا جیاوازییەک لە هەژمارکردنی داراییدا دروستبووە کە زیاترە لە ٢٥ ملیار دۆلار. دەشڵێت، "ئەم بڕە پارەیە لە ساڵی رابردوودا لە مامەڵەی کڕینی پێداویستی و کاڵادا ئاڵوگۆڕی پێکراوە و دیارنییە".


ئەمڕۆ شەممە، ئەرشەد ساڵحی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکیدا ئاشکرای کرد، "توشی سەر سامی بوین کاتێک بۆماندەرکەوت وەزارەتی پلاندانان ئاشکرای کردووە قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا لە ساڵی ٢٠٢٠ گەیشتووەتە ١٥ ملیار دۆلار، بەڵام لە هەمانکاتدا قەبارەی پارەی ئاڵوگۆڕپێکراو و ڕەوانەکراو بۆ دەرەوەی وڵات بە مەبەستی کڕینی کاڵا لەهەمان ساڵدا گەیشتووەتە ٤٠ ملیار دۆلار".

دەشڵێت، بەگوێرەی ئەوەی بانکی ناوەندی رایگەیاندووە و ئەو جیاوازییەی ئاشکرا بووە، دەرکەوتووە ٢٥ ملیار دۆلار نادیارە.

هەفتەی رابردوو، وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٠ بەراورد بە ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ قەبارەی هاوردەکردنی کاڵا کەمی کردووە.

لەلایەن خۆیەوە عەبدوزەهرە هەنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانان رایگەیاند، ئەو راپۆرتەی دەزگای ناوەندی بۆ ئامار ئامادەی کردووە تیایدا دەرکەوتووە، کۆی کاڵای هاوردەکراو لە ساڵی ٢٠٢٠ و بەرهەمە نەوتییەکان گەیشتووەتە ١٥ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، بەمەش بەراورد بەساڵی ٢٠١٩ بەڕێژەی ٢٥.٩% دابەزیووە، چونکە لەو ساڵەدا بە بەهای ٢٩ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵا هاوردە کراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، سارەزایانی ئابوری و ئەندامانی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق هۆشداریدەدەن لە قەبارەی پارەی بەفیڕۆدراو و نادیار کە لە ئەنجامی وردبینی نەکردن و بەدوادانەچوونی پسولەکاندا دروستبووە.













گەلەری