سەردێڕ:

سوپای عێراق: پلانێک بۆ پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا ئامادە دەکەین

PM:01:42:14/08/2021

1852 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ئەمڕۆ سوپای عێراق لە ناوچەکانی باکووری بەغدا ئۆپراسیۆنێکى سەربازی دەستپێکردووە و ئامانج لێی، راوەدوونانی پاشماوەکانی چەکدارانی سەر بە گروپی چەکداری داعش و پاراستنی تاوەرەکانی کارەبایە لەو ناوچانە.


ئەمڕۆ شەممە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر پاشماوەکانی چەکدارانی سەر بە گروپی چەکداری داعش لە ناوچەکانی باکووری بەغدا دەست پێ کرد و وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراقیش ئاماژەی بەوەکرد، "ئۆپەراسیۆنەکە، به‌ پشت بەستن بە زانیاریە ھەواڵگرییەکان و لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی دەستی پێکراوە".

لەبارەی ئامانج لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەش، تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق ئەوەی خستوەتەڕوو، "ئامانج لە ئۆپەراسیۆنەکە رێگرتنە لە دزە کردنی تیرۆریستان بۆ ناوچەکانی باکووری بەغدا بە تایبەتیش ناوچەی تارمییە و ھەروەھا پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبایە لەو ناوچانە"، دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی ده‌گاته‌ ئامانجه‌كه‌ی.

دوێنێش مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، داوای کردبوو کە شانەی قەیرانەکان بۆ پاراستنی تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا پێک بهێندرێت و راشیگەیاندبوو، کە دەستی تیرۆر و ئەوانەی چاکەی عێراقییان ناوێت تاوەرەکانی گواستنەوەی تەزووی کارەبا دەکەنە ئامانج.

لەماوەی رابردوودا، بۆ چەندین جار تاوەرەکانی گواستنەوەی کارەبا لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراق کرانە ئامانج و لەهەندێک شاریش بۆماوەیەک هاوڵاتیان لەخزمەتگوزاری کارەبا بێبەشبوون، لەهەندێک لە رووداوەکانی تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبادا، گرووپی چەکداری داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقاندنەوەی تاوەرەکان راگەیاند.












گەلەری