سەردێڕ:

ئەمریکا ژمارەیەک سزای بەسەر چەند کۆمپانیایەکی نزیک لە ئێراندا سەپاند

PM:08:52:13/08/2021

1904 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی تێوەگلانی لە "تۆڕی قاچاغچێتی نەوتی نێودەوڵەتی" بۆ پاڵپشتیکردنی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، ئیدارەی ئەمریکا سزای بەسەر بازرگانێکی عومانی و چوار کۆمپانیا و کەشتییەکی پەیوەست بەوەوە سەپاند.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بەتۆمەتی تێوەگلان لە تۆڕی قاچاغچێتی نەوتی نێودەوڵەتی بۆ پاڵپشتیکردنی فەیلەقی قودسی ئێران، ئەمریکا سزای بەسەر مەحمود رەشید عەمرو حەبسی بازرگانی بواری نەوتی عوماندا سەپاندووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، مەحمود رەشید تۆمەتبارە بەهاوبەشیکردن لەگەڵ دوو بەرپرسی پلەباڵای فەیلەقی قودسی ئێراندا، هەروەها خستنەگەڕی چەند کۆمپانیایەک بۆ هەناردەکردنی نەوتی ئێران بەمەبەستی فرۆشتنی بەوڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی کڕیارەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ئاسیا.

کۆمپانیاکانی سەر بە مەحمود رەشید هەستاون بەناردنەدەرەوەی نەوتی ئێران و بەگوێرەی خەمڵاندنەکان دەیان ملیۆن دۆلاریان بۆ فەیلەقی قودس بەدەستهێناوە و تۆمەتباردەکرێت بە، ساختەکردنی بڕوانامەکانی مۆڵەتی بازرگانیکردن بەکەشتی و دۆکیۆمێنتە پەیوەستەکانی تایبەت بە بازرگانیکردنی نەوت و پێدانی بەرتیل، کەئەمانەش قەبارەی ئابڵوقەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران کەمدەکاتەوە.

سزاکەی ئیدارەی ئەمریکا پشتبەستووە بە "یاسای ماگنیتسکی نێودەوڵەتی" و تیایدا فەیلەقی قودس تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی نەوت و سەرچاوە سرووشتییەکان لەپێناو پەرەدان بە چالاکییە سەربازییەکانی لەناوچەکەدا.

ئەم بڕیارەی ئیدارەی بایدن لەکاتێکدایە، چەند هەفتەیەکە کە سەرۆک کۆماری نوێی ئێران دەستبەکاربووە و پرسی رێککەوتن و دانوستانەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، گفتوگۆی زۆری لەبارەوە دەکرێت و شارەزایانیش، سەردەمی ئیبراهیم رەئیسی بەبەروارد بە حەسەن رۆحانی بەتایبەتی لەپرسی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بە جیاوازی دەبینن.













گەلەری