بەڕێوەبەرى یەکێک لە بانکەکانى سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى راگەیاند، بەهۆى نەبوونى پارە نیوەى خانەنشینانى سلێمانى موچەکانیان دەکەوێتە دواى جەژن.
ئەو بەڕێوەبەرە راشیگەیاند، ئەمرۆش بانکى هەرێم بڕێکى کەم پارەیان بۆ بانکەکانى سلێمانى ناردووە و بەشى موچەى تەواوى موچەخۆران و خانەنشینانى نەکردووە و لە ئێستادا نیوەى خانەنشینانى شارستانى سلێمانى موچەیان وەرنەگرتووە.
وتیشى، لەلایەن
بەڕێوەبەرایەتى بانکەکانەوە ئاگادارکراونەتەوە سبەینێ هەینى دەوامى بانکەکان نییە
و ئەو کەسانەشى موچەیان وەرنەگرتووە دواى جەژن موچەکانیان پێ دەدرێت.
هاوکات چاوگێک لە
وەزارەتی دارایی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گرفتی دابەشنەکردنی موچە پەیوەندی بە نەبوونی
پارەوە نییە و کێشەکە لە ریزبەندی دابەشکردنی موچەدا هەبووە.
ئەوەش لەکاتێکدایە،
حکومەتى هەرێم ٢٨ى مانگى رابردوو لیستى موچەى راگەیاند و بڕیاربوو لەماوەى حەوت رۆژدا
و پێش جەژن سەرجەم وەزارەتەکان و خانەنشینان موچەکانیان وەربگرن، بەڵام بەهۆى نەبوونى
پارە لە بانکەکانى سنورى پارێزگاى سلێمانى بەشێک لە موچەخۆران و وەزارەتەکان موچەیان
وەرنەگرتووە و وەزارەتى داراییش تا ئێستا هیچ قسەیەکى لەسەر نەبوونى پارە لە بانکەکانى
سلێمانى نەکردووە.
گۆران لوقمان، سلێمانی