بە بڕیاری دادوەر، ١٩١ زیندانیکراوی چاکسازی گەورانی هەولێر ئازادکراون، کە بەشێکی زۆریان بەهۆی کێشان یان بازرگانی بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرابوون.
ئەو زیندانیکراوانە لە نێوان چوار بۆ شەش مانگدا بوو دەستگیرکرابوون و ئەوانەی تۆمەتی ماددەی هۆشبەریان هەبووە، پشکنینی کۆتاییان بۆ کراوە کە هیچ شوێنەوارێکی ئەو ماددەیە لە جەستەیاندا نەماوە.
لەوبارەیەوە جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی
راگەیاند، "ئەو
بابەتە قەزائییە، واتە پەیوەندی بە دادگاوە هەیە، دادگاش سەربەخۆیە. بڕیاری دەستگیرکردنیان
یان ئازادکردنیان پەیوەندی بە حکومەتەوە نییە."
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، جگە لە پشکنینی تەواوەتی،
بەڵێننامە بە خۆیان و کەسوکاریان پڕکراوەتەوە نەچنەوە سەر ئەو کارەیان.
لەو بارەیەوە چەند کەسوکارێکی ئەو زیندانیکراوانە باسیان لەوەکرد،
هەندێکیان بە تۆمەتی بەکارهێنان و هەندێکی دیکەیان تێوەگلاون و شۆفێری خەتی
دەرەوەی شار یاخود تاکسی بوون و لەلایەن سەرنشینەوە خراوەتە ئۆتۆمبێلەکانیانەوە.
لە نێوان ئەو ١٩١ کەسەدا خەڵکی شارە جیاوازەکانی هەرێمی تێدایە و
ماوەی دوو بۆ سێ رۆژە کەسوکاریان سەرقاڵی کارەکانی ئازادبوونیانن.