دادوەرێکی خانەنشێنکراو و شاعیرێکی هەرێم لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاندووە، هەموو خانەنشینێک دەتوانێت بچیتە دادگا و سکاڵا تۆماربکات بەرامبەر مافە زەوتکراوەکەی. دەشپرسێت، "حکومەتە نیشتیمانپەروەرەکەی خۆمان کە هەیکەلەکەی لە کەللـەی سەری شەهیدەکان دروستبووە، بۆ دەبێت دەرحەق بە موچەخۆرانی خۆی خەمسارد بێت؟."
قوبادی جەلیزادە دادوەری خانەنشینکراو نووسیویەتی، "هەموو کارمەندێکی دەوڵەت کە دادەمەزرێت، گرێبەستێک لەگەڵ حکومەت و وەزارەتی دارایی مۆر دەکات، کە بریتییە لەوەی، حکومەت مانگانە بڕێک پارە لە موچەی مانگانەکەی دەبڕێ و لای خۆی کۆیدەکاتەوە و وەک قەرز لای دەمێنێتەوە."
ئاماژەی
بەوەشکردووە، "ئەو پارەیە بە خاتری ئەوەیە کە خانەنشین بوو، لەپارە گلدراوەکەی،
لەقەرزەکەی، مانگانە و لە کات و ساتی خۆیدا پێی بداتەوە. ئیدی گرێبەستەکە هەردوولا
پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی. کەواتە گرێبەستەکە حکومەت ناچار دەکات، بێ دواکەوتن
و بێ لێبڕین، ئەرکەکەی سەرشانی پیادە بکات، دەنا دەچێتە بازنەی یاسا شکێنیەوە و هەموو
خانەنشینێک بۆی هەیە، پەنا بۆ دادگا ببات و داوای مافە زەوتکراوەکەی بکات."
ئەو دادوەرە نووسیویشییەتی، "لەم هەفتەیەدا دووجار چووم تا موچەی
خانەنشینیەکەم وەرگرم، هەردووجار پێیان وتم: وەڵا کاک حاکم پارەمان نییە!،ئەمڕۆ پێنج شەممەیە
و هەینی بەسەردادێت، پاشان ڕۆژانی جەژن. بڵێی دوای تەواو بوونی ڕۆژانی جەژن، هەمان
وەڵامم نەدەنەوە."
ئەو دادوەرە
خانەنشینکراوە رەخنەی لە حکومەتی هەرێمیش گرتووە و دەڵێت، "حکومەتە فاشستە یەک
لەدوای یەکەکانی عێراقی عەرەبی، نەک لەکات وساتی خۆیدا، بە تەواوی بێ لێبڕین موچەی
دەدا بە کارمەندەکانی، بەڵکو گەلێجار کارمەدانی خۆی بەجەژنانەیەکیش، خەڵاتدەکرد."
دەشڵێت، "هەموو حکومەتەکانی پێشووی عیراق، بەوەی ئێستاشەوە یەکەم ئەرکیان هەوڵی
کوشتن و ئازادی و قەڵاچۆکردنی گەلەکەمان بووە، لێ؛ بۆچی دەبێت حکومەتە (نیشتیمان پەروەرە!!)کەمان،
کە هەیکەلەی لە کەلـلەسەری شەهیدەکان هەڵچنراوە، دەرحەق بە موچەخۆرانی خەمسارد بێت،
بەتایبەت توێژی خانەنشینان کەبەشێک لە مووچەخۆرە خانەشینەکان، باوک و دایک و خوشک
و برای شەهیدەکانن."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە شەش مانگە، حکومەتی هەرێم گرفتی
دواکەوتن و پێنەدانی موچەی فەرمانبەرانی هەیە، بەدەر لەوەی گرفتی سەرەکی لە دابەشکردنی
موچەی خانەنشیناندا هەیە و میکانیزمی دابەشکردنی موچەی خانەنشینان سست و خاوە و زۆرجاریش
لە بانکەکاندا دەڵێن، پارە نەماوە، ئەوە جگە لەوەی تەنها لە ساتی دابەشکردنی موچەی
مانگی شوباتدا، کە هێندە دواکەوتبوو لە مانگی ئازاردا دابەشکرا، سێ خانەنشین لە
سەرەی وەرگتنی موچەکانیاندا گیانیان لەدەستدا.
هـ.ئـ