سەردێڕ:

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا: دەبێت یەکێتییەکە خۆى بۆ بڕینى تەواوەتی گازى روسیا ئامادە بکات

AM:10:00:07/07/2022

1300 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکى کۆمیسیۆنى یەکێتی ئەوروپا ئاشكرایكرد، دەبێت یەکێتى ئەوروپا ئامادە بێت بۆ ئەگەرى ئەوەى کە روسیا تەواوى گازەکەى ببڕێت. وتیشی، کۆمیسیۆنى یەکێتیى ئەوروپا لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا پلانى دۆخى لەناکاو ئاشکرا دەکات.


ئورسولا ڤۆن دێرلاین سەرۆکى کۆمیسیۆنى یەکێتى ئەوروپا لە میانى بەشدارییکردنى لە دانیشتنى کۆمەڵەى گشتى پەرلەمانى ئەوروپا کە لە شارى سترازبۆرگ لە فەڕەنسا بەڕێوەچوو، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانى ئەنجامدا.

ڤۆن دێرلاین باسى لە دابینکەرى وزە کرد و وتى، "پێش هەموو شتێک دابینکەرى گازمان لە روسیاوە بۆ دابینکەرى متمانەپێکراو دەگۆڕین. هەوڵەکانمان لە ئێستاوە جیاوازییەکى گەورەى نیشانداوە".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە مانگى ئادارەوە تا ئێستا هەناردەکردنى گازى سروشتى شلی جیهان لە روسیاوە بۆ ئەوروپا بەراوورد بە ساڵى ٢٠٢١؛ ٪٧٥ زیادیکردووە و هەناردەى گازى سروشتی شل لە ئەمریکاوە بۆ یه‌كێتی ئەوروپا بۆ سێ هێندە به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

سەرۆکى کۆمیسیۆنى یەکێتیى ئەوروپا ئەوەشی خستەڕوو، "یەکێتى ئەوروپا دەبێت خۆى بۆ زیاتر بڕینى گازى سروشتى و تەنانەت بە تەواوەتى بڕینى گازى سروشتی روسیا ئامادە بکات".

ئەوەشى ئاشکراکرد، لە ئێستادا ١٢ وڵات به‌ره‌وڕووی پچڕانی گاز بوونه‌ته‌وه‌ و لەبەرئه‌وه‌ لە ناوەڕاستى ئەم مانگەدا پلانى دۆخى لەناکاو ئاشکرا دەکەن.

وتیشى، "لە حاڵەتى بڕینى تەواوەتى دەبێت لەوە دڵنیابینەوە کە گازەکە بۆ ئەو شوێنە دەڕوات کە زۆرترین پێویستى هەیە. دەبێت هەماهەنگییەکى ئەوروپى لە نێوانماندا هەبێت، دەبێت بازاڕى هاوبەشمان بپارێزین."













گەلەری