سەردێڕ:

زانایەکی روسی دوای دوو رۆژ لە دەستگیرکردنی بە تۆمەتی خیانەت گیانیلەدەستدا

PM:11:31:03/07/2022

2784 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەری زانایەکی زیندانیکراوی روسی لەو وڵاتە رایگەیاند، زاناکە دوای ئەوەی بەتۆمەتی خیانەتکردن لە دەوڵەتی روسیا لە سیبریا دەستگیرکراوە و گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ، گیانیلەدەستداوە. دەشڵێت، "زاناکە شێرپەنجەی پەنکریاسی هەبووە و لە قۆناغێکی پێشکەوتووی نەخۆشییەکەیدا بووە".


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری ئەلێکساندەر ڤیدیۆلڤی پارێزەری دیمیتری کۆلکەرە زانای بواری بیرکاری و فیزیاوە بڵاویکردەوە، دوای گواسنتەوەی زاناکە بۆ زیندانی لیفۆرتۆڤۆ لە مۆسکۆ، دوێنێ گیانیلەدەستداوە.

پارێزەرەکە باسی لەوەشکردووە، لە دادگا سکاڵا لە دژی دەستگیرکردنی زاناکە تۆمار دەکەن.

خێزانی دیمیتری کۆڵکەر هەفتەی رابردوو رایانگەیاندبوو، کە لە نەخۆشخانەیەکی شاری نۆڤۆسیبێرسکی سیبیریاوە گواستراوەتەوە و لەوێ لە رێگەی بۆرییەکەوە خواردنیان پێداوە و لە رێگەی 'ئێف ئێس بی'ەوە گواستراوەتەوە بۆ مۆسکۆ.

ئاماژە بەوەشکراوە، دیمیتری کۆلکەر زانای بواری فیزیا و بیرکاری بووە و بەگوێرەی وتەی خێزانەکەی تۆمەتبارکراوە بە کارکردن لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکانی چیندا لە کاتێکدا وانەی ئەکادیمی لەو وڵاتە وتووەتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی شەممەی رابردوو، ئاژانسی هەواڵی فەرمی تاس بڵاویکردەوە، روسیا دووەم زانای لە نۆڤۆسیبیرسکی بە گومانی خیانەتی لە دەوڵەت دەستبەسەر کردووە و تا ئێستا روون نەبووەتەوە کە ئایا پەیوەندییەک لە نێوان ئەو دوو حاڵەتەدا هەیە یان نا.

بەگوێرەی یاساکانی روسیا، هەرکەسێک خیانەت لە دەوڵەت بکات، تا ٢٠ ساڵ زیندانی دەکرێت.













گەلەری