سەردێڕ:

نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە دیاریکرا

AM:10:36:03/07/2022

269120 جار خوێندراوەتەوە

نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریکرا، کە لە سلێمانی لە نێوان ١٥ بۆ زیاتر لە ١٧ هەزار دیناردایە و لە هەولێر ١٨ بۆ ٢٠ هەزار دینارە و لە دهۆکیش لە نێوان ١٩ بۆ ٢٠ هەزاردایە.


تارق سەبین سەرۆکی کۆمەڵەی مۆلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، نرخی کارەبای مۆلیدە بۆ مانگی شەش لە شاری سلێمانی دیاریکراوە و بە نزیکەیی لە نێوان ١٥ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ١٧ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ هەر ئەمپێرێک دیاریکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، بۆ مانگی شەش مۆلیدەکان بە تێکڕا نزیکەی ٢٨٠ کاتژمێر کاریانکردووە، کە لە هەندێک گەڕەک کەمتر و لە هەندێکی دیکە زیاتر بووە.

لەبارەی نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکانیشەوە لە هەولێر، رزگار کۆچەر پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە زاری چاوگێک لە لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی هەولێرەوە رایگەیاند، نرخی یەک ئەمپێر کارەبای مۆلیدە لە هەولێر لە نێوان ١٨ بۆ ٢٠ هەزار دیناردا دەبێت.

دوێنێش لە دهۆک نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە دیاریکرا کە تێکڕا بە ٢٠ هەزار دیناری عێراقی بۆ هەر ئەمپێرێک دانرابوو، لە هەندێک گەڕەکیش کەمتر و لە هەندێکی دیکە زیاتر بوو، ئەوەش ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی لێکەوتەوە و باسیان لەوەدەکرد، نرخەکەی زۆرە و بارگرانییە بەسەر هاوڵاتیانەوە.

لەبارەی نرخی یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدەشەوە لە بەغدا کە پایتەختی عێراقە، زیاد محەمەد پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغداوە باسی لەوەکرد، نرخی یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدە لە شاری بەغدا لە نێوان ١٢ بۆ ١٥ هەزار دیناردایە.

بەوپێیەش شاری هەولێر و دهۆک بۆ مانگی رابردوو زۆرترین نرخیان هەیە بۆ یەک ئەمپێری کارەبای مۆلیدە، کە بەنزیکەیی زیاترە لە ٢٠ هەزار دینار.

لەبارەی نرخی کارەبای موەلیدەوە لە قەزای کۆیە، بەگوێرەی بەدواداچوونی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبا بە ١٨ هەزار و ٧٥٠ دینار دیاریکراوە.

لە سنوری ئیدارەی گەرمیانیش نرخەکە پێشبینی دەکرێت بە نزیکی لە نێوان ١٦ هەزار و ٥٠٠ دینار بۆ ١٨ هەزار دینار بێت

گۆران لوقمان، سلێمانی

هـ.ئـ













گەلەری