سەردێڕ:

لەسەر رێگەنەدان بە دانانی بازگەیەک گرژی کەوتە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە

PM:07:36:02/07/2022

24008 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیەکی هێزی پێشمەرگە لە قادر کەرەم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هێزێکی سوپای عێراق بەنیازبوون لە نزیک بارەگای هێزەکانی پێشمەرگە بازگە دابنێن، بەڵام ئەوان رێگەیان پێنەداون و ناچار بە گەڕانەوەیان کردوون.


ئەمڕۆ شەممە، محمد چەور فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە ناحیەی قادر کەرەم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر ٣ و ٤٠ خولەک هێزێکی سوپای عێراقی هاتوونەتە سەر رێگای سەرەکی قادرکەرەم - دوز نزیک رەبایەی هێزەکانی پێشمەرگە.

ئاماژەی بەوەشداوە پێشمەرگە رێگای بەو هێزە گرتووە و لێپرسینەوەی لەگەڵ ئەو هێزە کردوە کە بۆچی هاتونەتە ئێرە.

دەشڵێت، هێزەکەی سوپای عێراق لە وەڵامدا وتوویانە دەیانەوێت بازگەیەک دابنێن، بەڵام هێزەکانی پێشمەرگە رەتیان کردووەتەوە پێیان راگەیاندوون کە نابێت بازگە لە نزیک هێزەکانی پێشمەرگە دابنێن و رێگەپێدراو نییە.

محمد چەور باسی لەوەشکرد، ئەو هێزەی کە هاتبووەسەر رێگای سەرەکی قادر کەرم - دوز لە ئێستادا گەڕاونەتەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەیانی رۆژی ٢٥ی ٦ی ٢٠٢٢ سوپای عێراق و هێزەکانی بەرپەرچدانەوەی خێرا و و هێزەکانی حەشدی شەعبی لە چوار ریانی فیلکەی نەوجول بە ئاراستەی گوندی خدر وەلید هەڵمەتێکی کێوماڵیان دەستپێکرد و هێزەکانی پێشمەرگە و دژە تیرۆر پۆلیسی نەوت و غاز لەو سنورە بەچەکی قورسەوە خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

هەمان رۆژ شەوەکەی هێزێکی زۆری دژە تیرۆر و کۆماندۆ بە چەکی قورسەوە کێلگەی غازی کۆرمۆر جوڵەی پێکرا و لە ناحیەی قادر کەرەم نزیکبوونەوە.

ئەمەش دوای ئەوەبوو کە هەمان رۆژ و بۆ جاری سێیەم بە موشەک هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی سروشتی و بیرە نەوتەکانی کۆرمۆر.

 


محەمەد عەدنان – کفری













گەلەری