وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە مانگی حوزەیراندا بە بڕی زیاتر لە ١٠١ ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە و داهاتەکەشی زیاترە لە ١١ ملیار دۆلار.
وەزارەتی نەوتی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە گوێرەی ئامارە سەرەتاییەکانی کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" لەمانگی حوزەیرانی رابردوودا بڕی ١٠١ ملیۆن و ١٩١ هەزار و ٢٣٦ بەرمیل نەوت فرۆشراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی گشتی نەوتی فرۆشراو لە مانگی حوزەیراندا
گەیشتووەتە ١١ ملیار و ٥٠٥ ملیۆن دۆلار.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کێڵگەکانی
کەرکوک بڕی دوو ملیۆن و ٩١٠ هەزار و ٨٨٧ بەرمیل نەوت بەرهەمهێنراوە و لە رێگەی
بەندەری جەیهانەوە رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.
راگەیەنراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی ئاشکرا کردووە، لە کێڵگەکانی ناوەڕاست
و باشوری عێراق بڕی ٩٧ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار و٥٨٩ بەرمیل نەوت رەوانەی بازاڕەکانی جیهان کراوە.
دەشڵێت، تێکڕا لەمانگی حوزەیراندا یەک بەرمیل نەوت بە ١١٣ دۆلار و ٧٠ سەنت
فرۆشراوە.