سەردێڕ:

مەسعود بارزانی بۆ فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا: پارتی لەگەڵ ناکۆکی و قووڵبوونی قەیرانەکان نییە

PM:03:29:02/07/2022

4608 جار خوێندراوەتەوە

مەسعود بارزانی لەگەڵ ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند، پارتی لەگەڵ ناکۆکی و قووڵبوونی قەیرانەکان نییە.


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەو کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی عێراق و دوایین ھەنگاو و گۆڕانکارییەکانی ناو پڕۆسەی سیاسی عێراقی لەگەڵ ئەندامەکان تاوتوێ کردووە.

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکردووە، "گۆڕانکارییە سیاسیەکان و هاوکێشەکان ھەر چۆنێک بن ئێمە خاوەنی دۆزێکی ڕەواین و پێمانوایە کە دەبێت گرفتەکان لە ڕێگەی پابەندبوون بە دەستور و ڕەچاوکردنی ھەر سێ پڕەنسیپی شەراکەت و تەوافوق و تەوازن چارەسەر بکرێت و ئەم پڕەنسیپانە دەبێت لەسەر کاری حکومەتی داھاتوو و ھەموو کوتلە سیاسیەکان ڕەنگبداتەوە."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "پارتی لەگەڵ ناکۆکی و قووڵبوونەوەی قەیرانەکان نییە، بەڵکو ئەوەی بەلایەوە گرنگە پاراستنی مافە دەستورییەکان و کەرامەتی ھاوڵاتیانە."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێویستە ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق خۆیان بە خزمەتکاری ھاوڵاتیان و دەنگدەران و خۆیان بە بەرگریکاری مافەکانی خەڵک بزانن و کرداریان زیاتر بێت لە قسەکردن."













گەلەری