سەردێڕ:

مەسعود بارزانی لەبارەی یاسای نەوت و غازەوە روونکردنەوە دەدات

AM:11:50:02/07/2022

19668 جار خوێندراوەتەوە

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، ئەگەر حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕایەوە و زۆربەی کێشەکانیش چارەسەر دەبوون.


مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەی وەفدی میسڕیدا رایگەیاندووە، "هێز هەیە کار بۆ ئەوە دەکەن یاساکە بەشێوەیەکی نیشتمانی و بە کۆکبوونی هەموو عێراقییەکان دانەڕێژرێتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاڵۆزتربوونی بابەتەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی."

ئاماژەی بەوەشداوە، "پێویستە پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەوەی پرسی وزە ڕێکبخات، نەک تەنیا لەنێوان هەرێم و بەغدا، بەڵکو لەنێوان هەموو پارێزگاکان کە بەرهەمی نەوتیان هەیە. ئەگەر حکومەتی فیدراڵی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە جددی بووایە لە داڕشتنەوەی یاسای نەوت و گاز، کاتێکی زۆرمان بۆ دەگەڕایەوە و زۆربەی کێشەکانیش چارەسەر دەبوون."

مەسعوود بازرانی باسی لەوەشکردووە، "بەداخەوە دۆخی ئێستای عێراق سەختە، دووچاری قەیرانێکی قوڵ بووەتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزیانەی دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دروستبووە، لە گفتوگۆ بەردەوامین بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان."

راشیگەیاندووە، دوای کشانەوەی سەدر، دۆخەکە هێشتا لە قۆناغێکی سەرەتاییدایە.

لەبارەی نێوان خۆیان و سەدریشەوە ئەوەی خستووەتەڕوو، "ئێمە پەیوەندی دۆستانەمان لەگەڵ سەدر هەیە و پەیوەندی بە هاوپەیمانییەتییەکەمانەوە نییە، بەگشتیش هاوپەیمانییەتییمان لەسەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکنەهێناوە، بەڵکو ئێمە پێمانوایە کە پێویستە هاوپەیمانییەتییەکان لەسەر بنەما نیشتمانییەکان بنیات بنرێت کە بناغەکەی دەستور بێت و ئامانجی پاراستنی دەستکەوتەکانی هاوڵاتییان و کارکردن بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتییان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانیان و چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕۆحێکی تەواو نیشتمانپەروەرانە بێت."

سەرۆکی پارتی ئاماژەی بەوەشکردووە، "سەرکەوتوو بووین لە داڕشتنی دەستوورێکی باش کە مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقییەکان زامن بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا پێیەوە پابەند نەبوون."

پێشتریش رۆژنامەی میدڵ ئیست ئای بڵاویکردەوە، بە هۆی بێهیواکردنییەوە لە لایەن مەسعود بارزانییەوە سەدر بڕیاری کشانەوەی لە پەرلەمانی عێراق داوە. 













گەلەری