سەردێڕ:

زیانە تەندروستییەکانی مانەوە لە بۆشایی ئاسماندا چین؟

PM:02:39:01/07/2022

3116 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایانی بواری تەندروستی ئاشکرایان کرد، بەشێک لە کەشتیوانە ئاسمانییەکان بۆ ماوەی یەک مانگ مانەوەیان لە بۆ شایی ئاسماندا بەڕیژەی ١ -٢٪ چڕی ئێسکەکانی جەستەیان لەدەستداوە. پسپۆڕێکیش دەڵێت، " ئەو چڕییەی ئێسک کە کەشتیوانەکان لە بۆشاییدا لەدەستی دەدەن، لەسەر زەوی بە چەند دەیەیەک لەدەست دەچێت".


ئەمڕۆ هەینی، ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانەی لە رابردوودا ئەنجامدراون، دەرکەوتووە، کەشتیوانە ئاسمانییەکان بۆ هەر مانگێک کە لە بۆشایی ئاسماندا بەسەریان بردبێت ١ -٢٪ی چڕی ئێسکەکانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، بۆ زانینی چۆنێتی چاکبوونەوەی ئەو کەشتیوانانە لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ سەر زەوی، لە توێژینەوەیەکی نوێدا کە لەسەر ١٧ کەشتیوانی ئاسمانی ئەنجامدراوە، تێیدا لێکۆڵینەوە لە پاژنەی پێ و ئانیشکیان پێش دەرچون و لەکاتی گەیشتن و دوای مانەوەیان لە بۆشایی ئاسمان کراوە.

بەگوێرەی توێژینەوەکە، تو‌ێژەران بۆیان دەرکەوتووە، نۆ لە کەشتیوانەکان لەدوای گەڕانەوەیان بۆ سەر زەوی نەیانتوانیووە بەتەواوەتی چاکببنەوە، هەروەها ئەوانەشی کەماوەیەکی زۆر لەنێوان چوار بۆ حەوت مانگە لە بۆشایی ئاسماندا ماونەتەوە، بەهەمان شێوە چاکبونەوەیان بەشێوەیەکی بەرچاو لەسەر خۆبووە.

لەلایەن خۆیەوە، ستیڤ بۆید مامۆستای زانکۆی کاڵگری کەنەدی و بەشدار لە توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەداوە، ئەو چڕییەی ئێسک کە کەشتیوانەکان لە بۆشاییدا لەدەستی دەدەن، لەسەر زەوی بە چەند دەیەیەک لەدەست دەچێت، ئەمەش سەرچاوەی ترسە بۆ ئەو توێژینەوانەی پلانیان بۆ دانراوە لە داهاتودا لەسەر مەریخ ئەنجامبدرێن.

توێژینەوەکە کە لەساڵی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە، سەلماندویەتی لەماوەی سێ ساڵی گەشتی ئاسمانی بۆ مەریخ، ٣٣٪ی کەشتیوانەکان ئەگەری توشبوونیان بە پوکانەوەی ئێسک بۆ دروستبووە.

هەروەها. رۆبێرت سیرسک، کەشتیوانی ئاسمانی، کە زۆرینەی کاتەکانی لە بۆشایی ئاسماندا بەسەر بردوە، ئاشکرایکردوە، ئێسک و ماسولکەکانی دوای گەڕانەوەی بۆ سەر زەوی کاتێکی زۆریان بۆ چاکبوونەوە ویستووە.













گەلەری