سەردێڕ:

ئەمریکا ٥٥ ملیۆن دۆلار بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی ئەفغانستان تەرخان دەکات

PM:03:14:29/06/2022

1896 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی نزیکەی ٥٥ ملیۆن دۆلار وەک هاوکاری پێشکەش بەو کەسانە دەکات کە بەهۆی بوومەلەرزەکەی هەفتەی رابردووی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان زیانیان بەرکەوتووە.


ئانتۆنی بڵینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو یارمەتییە مرۆییە بەپەلەیە لە رێگەی ئاژانسی ئەمریکی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتییەوە پێشکەش دەکرێت و راشیگەیاندووە بەم بڕە پارە تەرخانکراوە نوێیە کۆی هاوکارییە مرۆییەکانی ئەمریکا لە ساڵی رابردوودا دەگاتە زیاتر لە ٧٧٤ ملیۆن دۆلار.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە کە کۆمەکی فریاگوزاری خێرا دەگاتە ئەو کەسانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە و بریتییە لە خێوەت، کەلوپەلی چێشتلێنان، تەرموز، بەتانی، چرای وزەی خۆر، جلوبەرگ و کەلوپەلی دیکەی ناوماڵ.

بەوتەی ئانتۆنی بڵینکن، هاوکارییەکە بۆ گەیاندنی ئاو و چاککردنەوەی ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی لەپێناو رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەو نەخۆشییە گوزراوانەی کە لە رێگەی ئاو لە دوای کارەساتە سرووشتییەکانەوە سەرهەڵدەدەن.

هەفتەی رابردوو بوومەلەرزەیەک بە گوڕی ٦.١ پلە لە رۆژهەڵاتی ئەفغانستان روویدا و بەهۆیەوە هەزار و ٥٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە دوو هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری