دەستەی کەشناسی عێراق رایگەیاند، بە گوێرەی پێشبینییەکان سبەینێ خۆڵبارین دەبێت و لە هەفتەی داهاتوو پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، دەستەی کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، سبەینێ رۆژی هەینی ئاسمان ساماڵ دەبێت و کەش و هەوا گەرم دەبێت و پلەکانی گەرما هیچ گۆڕانێکیان بەسەردا نایەت.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئاراستەی با باکوری خۆرئاوادەبێت و خێراییەکەشی ٢٠ – ٣٠
کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و ئەمەش دەبێتە هۆی دروسبوونی خۆلبارین لە هەندێ
ناوچەدا و دووری بینین لە ٦ -٨ کیلۆمەترەوە دادەبەزێت بۆ ٣- ٥ کیلۆمەتر.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی بەسرە و میسان و
ناسرییە و موسەننا دەگاتە ٥٠ پلەی سیلیزی.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، رۆژانی شەممە و یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، ئاسمان ساماڵدەبێت
و کەمێک پلەکانی گەرما دادەبەزن. بەڵام لە ناوچەکانی ناوەڕاست کەمێک خۆڵبارینی دەبێت
و پلەکانی گەرما هیچ گۆڕانکارییەکیان بەسەردا نایەت.
ئەمە لەکاتێکدایە،
دوێنێ ئاراس جەبار، شارەزاى کەشناسى لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەى
بەوە کرد، سبەی پێنجشەممە بەرزبوونەوەیەک لە پلەکانی گەرما بەرێژەی ٢ تا ٤ پلەی سیلیزی
بەتایبەت لەناوچە نزمەکان و سەنتەری پارێزگاکانی ھەولێر، سلێمانی، ھەڵەبجە، کەرکوک
، وە ئیدارەی گەرمیان روودەدات.
ئاماژەی بەوەشدا، بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما لە ئەنجامى ئەو کاریگەرییەى
بارستە هەواى گەرم و کورتخایەنى باکورى ئەفریقا و گەیشتنى بڕێک شێ و چڕبوونەوەى بۆ
هەور لە ئاسمانى ناوچەکەدا روودەدات.