سەردێڕ:

زیلینسکی داوایەکی بە پەلەی لە وڵاتانی گروپ حەوت کرد

PM:04:25:27/06/2022

2200 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئۆکراینا داوای لە سەرکردەکانی G7 کرد دژ بە روسیا هاوکاری چەکی زیاتریان بکەن بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیشەوە. هاوکات، داواشی کرد کۆمەکی وڵاتەکەی بکەن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دانەوێڵەدا بۆ بازاڕەکانی جیهان.


ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری لە لووتکەی سەرکردەکانی G7 کرد کە لە کۆشکی ئێلماو لە ویلایەتی باڤاریای ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، تیایدا وتارێکی پێشکەش کرد.

لە وتارەکەیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە سەرکردەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا و ژاپۆن کرد چەکی زیاتر بۆ وڵاتەکەی دابین بکەن بە سیستمی بەرگریی ئاسمانیشەوە.

هەروەها، داوای لەو سەرکردانە کرد لەگەڵ سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر روسیادا، هاوکاری کیێڤ بکەن لە هەناردەکردنی بەرهەمەکانی دانەوێڵەدا و هاوکاری دارایی بکەن بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئۆکراینا.

هاوکات، لە کاتێکدا جەنگی روسیا-ئۆکراینا ١٢٤ رۆژە بەردەوامە، کاریگەرییەکانی ئەو جەنگە لەسەر ئاسایشی خۆراک و وزە و ئابوریی جیهانی، لەو دۆسییە سەرەکییانە دەبن کە لە دووەم رۆژی لوتکەی سەرکردەکانی G7 گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سەرکردەکانی G7 لە پێنجەمین دانیشتنیاندا گفتوگۆ بکەن لەبارەی بابەتەکانی وەبەرهێنان لەپێناو داهاتویەکی باشتر لە بواری کەشوهەوا و وزە و تەندروستییدا.

پاش نیوەڕۆ سەرکردەکان لە ژێر ناوی ''ئاسایشی خۆراکی جیهانی و یەکسانی رەگەز''دا بەشداری دەکەن لە شەشەمین دانیشتندا و تیایدا سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوێرتریس لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لەگەڵ سەرکردەکاندا باسی قەیرانی خۆراکی جیهانی دەکات.













گەلەری