سەرۆکی روسیا بەنیازە لەم هەفتەیەدا، گەشتێک بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی دەستپێدەکات و سەردان هەریەک لە تورکمانستان و تاجیکستان دەکات و ئامادەی لوتکەی وڵاتانی دەریای قەزوین دەبێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، تەلەفیزیۆنی فەرمی روسیا بڵاویکردەوە، ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بە سەردانێکی فەرمی گەشتێک بۆ هەردوو وڵاتی تورکمانستان و تاجیکستان دەکات.
ئاماژەی بەوەشدا، لە شاری دوشەنبەی پایتەختی تاجیکستان لەگەڵ ئیمام عەلی
رەحمان سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە، کە یەکێکە لە هاوپەیمانە نزیکەکانی مۆسکۆ و یەکێکە
لەو کۆمارانەی دوای جیابوونەوەشی لە یەکێتی سۆڤییەتی بە هاوپەیمانی مۆسکۆ ماوەتەوە.
ئیمام عەلی رەحمان یەکێکە لەو سەرۆکانەی دوای نەمانی یەکێتی سۆڤییەت
زۆرترین ماوە لەدەسەڵاتدا ماوەتەوە.
تەلەفیزیۆنی فەرمی روسیا ئەوەشی خستووەتەڕوو، بڕیارە ڤلادیمیر پوتین
سەرۆکی ئەو وڵاتە سەردانی تورکمانستان بکات و لە شاری عیشق ئابادی پایتەختی ئەو
وڵاتە بەشداری لوتکەی وڵاتانی سەر دەریای قەزوین بکات کە هەریەک لە روسیا و ئێران
و ئازەربیجان و کازاخستان و تاجیکستان و تورکمانستان ئەندامن تیایدا و سنوری
وڵاتەکانیان دەکەوێتە سەر دەریایەکە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەسەرەتای سەر هەڵدانی جەنگی نێوان روسیا و ئۆکرانیاوە،
ئەمە یەکەمجارە ڤلادیمیر پوتین سەرۆکی روسیا بەفەرمی گەشتی بۆ دەرەوەی وڵاتەکەی
سازکردبێت.
پێش سە هەڵدانی جەنگیش، کۆتا جار ڤلادیمیر پوتین سەردانی پەکینی پایتەختی
چین کرد و چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی رێوڕەسمی ئۆڵۆمپیادی زستانە لەو وڵاتە،
لەگەڵ شی جین پینگ سەرۆکی چین کۆبووەوە و پەیماننامەی "دۆستایەتی بێ سنور"یان
واژۆکرد.