کەمی مەگنیسیۆم لە جەستەدا کە جۆرێکە لە کانزا گرنگەکان هۆکارێکە بۆ تووشبوون بە ئازار لە سەردا بەهۆی تەسكبوونەوەی مولولەکانی خوێن.
ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوەکردوە، مەگنیسیۆم ڕۆڵی هەیە لە ئەنجامدانی زۆرێك لە چالاکییەکانی جەستەدا، و بڕی پێویستی پرۆتین و وزە بۆ جەستە دابین دەکات، یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و هیلاکی دەروونی و شەکەتبوون.
هەروەها سوودی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بە سەرئێشەی بەردەوام و چارەسەری شەقیقە دەکات.
کەمی مەگنیسیۆمیش لە جەستەدا دەبێتە هۆی دابەزینی ڕێژەی سیرۆتۆنین بەمەش دەمار و مولولەکانی خوێن تەسك دەبنەوە و کاریگەری نەرێنیان لەسەر مێشك دەبێت و دەبنە هۆی دروستبوونی ئازار، هەروەها ئەگەری هەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە خەمۆکی و لاوازبوونی جەستە.
بۆ دەستکەوتنی بڕی پێویستی مەگنیسیۆم باشتروایە گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراکانە بدرێت کە دەوڵەمەندن بەم کانزایە وەك (سپێناخ، گوێز، برنجی قاوەیی، دانەوێڵەی تەواو، ماسی، گۆشت، ئەفۆکادۆ).