سەردێڕ:

پارتی مەرجی خۆی بۆ بەشداری لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ئاشکراکرد

PM:06:44:23/06/2022

9932 جار خوێندراوەتەوە

پارتی مەرجی خۆی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق ئاشکراکرد و بەپێی مەرجەکانی پارتی، داوا دەکەن بە دەستوور کێشەکانیان چارەسەربکرێت.


شەریف سلێمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، ئەوان بە مەرجی "ھێرشنەکردن و پێشێلنەکردنی مافەکانی ھەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای دەستوور"ـەوە بەشداریی لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراقدا دەکەن.

شەریف سلێمان ئاماژەی بەوەدا، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ رزگاربوون لەو بنبەستەی عێراق تێیکەوتووە، پێویستە دانوستان لەنێوان لایەنە سیاسییەکان ئەنجام بدرێت.

وتیشی، "تەواوی لایەنەکان کۆکن لەسەر دەرچوون لەو بنبەستە و بۆ ئەمە دەرفەتێک ھاتووەتە ئاراوە".

باسی لەوەشکرد، پارته‌كه‌ی دەستی بە دانوستان كردووه‌ لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان کە چاوەڕێ دەکرێت رابسپێردرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەت.

هەر لەو بارەیەوە ئاماژەی بە ئەگەری رژانە سەر شەقام و ناڕەزایی دەربڕنی جەماوەریی سەر بە رەوتی سەدر بەرامبەر بە بارودۆخی سیاسی ئێستا کرد و ئەوەی خستەڕوو، "ھیوادارین خۆپیشاندان ئەنجام نەدرێت. پێویستە لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا پابەندی دەستوور بین و خاڵە ھاوبەشەکان و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق لەبەرچاو بگیرین".

لەلایەکی دیکەشەوە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان سێ مەرجی بۆ بەشدارییکردن لە حکومەتی نوێ راگەیاند و وتی، "شەراکەت و ھاوسەنگی و سازان مەرجەکانی ھەرێمە بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ٦٤ پەرلەمانتاری نوێ لە جێگای ٧٣ پەرلەمانتارە دەستلەکارکێشاوەکانی رەوتی سەدر سوێندی یاساییان خوارد.

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەبێت سەرەتا سەرکۆمار ھەڵبژێرێت. دواتر سەرکۆماری نوێ ئەرکی پێکھێنانی حکومەت بە گەورەترین فراکسیۆنی ناو ئەنجومەنی نوێنەران لە رووی ژمارەی کورسییەوە، دەسپێرێت.

لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی کورسییەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و پێکدێت لە ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، نوری مالیکی، ھاوپەیمانی فەتح سەر بە ھادی عامری کە یەکێک لە فەرماندەکانی حەشدی شەعبی و درێژکراوەی سیاسی حەشدی شەعبییه‌، زیاد دەبێت.













گەلەری