سەردێڕ:

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر وەڵامی قسەکانی حاجی کاروانی دایەوە

PM:03:14:23/06/2022

4964 جار خوێندراوەتەوە

نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر راگەیەندراوێکی لەبارەی قسەکانی حاجی کاروان بڵاوکردەوە کە باسی لەوە کردبوو، لەگەڵ براکەیدا چوون و هیچ کەسێک نەهاتووە بەلایاندا و دەڵێت، "نە خۆی و نە برای نەهاتوونەتە نەخۆشخانەکەمان و ئەو قسانە راست نین."


ئەمرۆ پێنجشەممە، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێر راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، دوابەدوای ئەوەی بابەتەکە لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە و ناوی نەخۆشخانەکەیان زڕێندراوە پەیوەندییان بە حاجی کاروانەوە کردووە لەبارەی ئەو بابەتەوە بۆ دڵنیابوون لە راست و دروستی رووداوەکە.

باس لەوەشکراوە، حاجی کاروان باسی لەوەکردووە برایەکی ژانە سکی هەبووە نزیکەی کاتژمێرێک هیچ پزیشکێك نەچۆتە لای نەخۆشەکەی هیچی بۆ نەکراوە، سەرباری ئەوەش لەلایەن پەرستارێك سوکایەتی پێ کراوە و پاشان پزیشک هاتووە به لا لوتێكەوه يەک دەرزی بۆ نووسيوە و تەواو.

دەشڵێت، "ئێمە وەک دەستەی کارگێری نەخۆشخانە بە پشت بەست بە کامێرایی چاودێری نەخۆشخانەکەمان هەڵساین بە لێدانەوەی کامێراکانی چاودێری بۆ دڵنیابوون لە سەر رووداوەکە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای لێکۆڵینەوەکان بۆیان دەرکەوتووە، نە حاجی کاروان نە برای بە هیچ شێوەیەک سەردانی نەخۆشخانەیان نەکردوە لەو بەروار و لەو کاتژمێرە و سەرلەبەری قسەکانی دوورن لە راستی.

دەشڵێت، پەیوەندی بە حاجی کاروان کراوەتەوە و راستی رووداوەکەی بۆ باس کرا و پێی وترا کە ئەو لە کامێراکان دەرناچێ و ئەویش دانی بەوە دانا کە نەخۆشەکە برای نەبووە و خۆشی نەهاتۆتە ناو نەخۆشخانە، بەڵکو بە ئۆتۆمبێلەکەی ئەو نەخۆشەکە و برای نەخۆشکە کە برادەری ئەون تا بەردەرگا گەێنراون، بۆیە لەلایەن کارگێری نەخۆشخانە داوی لێ کرا کە سەردانی نەخۆشخانە بکات یان ئەو کەسە بنێرێ کە سەردانی نەخۆشخانەی کردوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ رۆژی دواتر کەسێک بە ناوی (ع) وەک هاوەڵی نەخۆشەکە لەگەل نەخۆشەکە هاتبوو دوای قسەکردن لەگەڵ کارگێڕی باسی لەوە کرد کە کاتژمێر٨ و ٣٠ خولەکی بەیانی سەردانی نەخۆشخانەی کردووە و لەلایەن پزیشک و پەرستارەکانەوە لە بەشی پێشوازی کاری پێویستی بۆ ئەنجام دراوە و وەکو کانولە دانان و دەرزی لێدان و خەواندنی نەخۆشەکە بە نزیکەیی ٤٥ خولەک و پێدانی چارەسەری تەواو بە نەخۆشەکە و دواتر رەوانەی بەشی راوێژکاری کراوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دوای بەدواداچوونەکان بۆ جاری سێیەم پەیوەندی بە حاجی کاروان کرایەوە و پێی راگەێنرا کە پۆستەکەی و گلەیەکانی ناڕاستن و لە جێی خۆی نین و پێویست بە روونکردنەوە دەکات بۆ رای گشتی، بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر رای خۆی.

دەشڵێت، "بە مافی خۆمانی دەزانین کە داوای یاسایی بەرامبەر بە ناوبراو تۆمار بکەین لە دادگا بۆ وەرگرتنەووەی مافی مادی و مەعنەوی خۆمان کە بووە هۆی لەکەدارکردنی نەخۆشخانەکەمان و لەبەرچاو نەگرتنی ئەم هەموو ماندوو بوون و شەو نخونیەی کە پزیشکان و کارمەندان لە پێناو پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بە هاوڵاتیان."

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٥ی ئەم مانگە، حاجی کاروان بانگخواز و پەرلەمانتاری پێشوتری پەرلەمانی هەرێم بابەتێکی بڵاوکردەوە و تیایدا باسی لەوەکردبوو، براکەی بردووەتە فریاکەوتنی رزگاری پێیان وتووە نەخۆش وەرناگرن و دواتر بردوویەتییە فریاکەوتنی رۆژئاوا وتویانە دکتۆر نەهاتووە.













گەلەری