سەردێڕ:

شاندێکی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتە بەغدا

PM:12:03:23/06/2022

1316 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، شاندێکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوە.


ئەمرۆ پێنجشەممە، ستار عەبدولکەریم رایگەیاند، شاندێکی سەرۆکایەتیی ئەرکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد و لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، ژمارەیەک پرسی گرنگ کە پێشتر لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا کاریان لەسەر کراوە و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دەخرێنە بەر باس، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوانیان، ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.

ئاشکراشی کرد، ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی نێوان شاندی سەرۆکایەتیی ئەرکانی پێشمەرگە و سەرۆکایەتیی ئەرکانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پرسی لیوا ھاوبەشەکان کە پێشتر بۆ ناوچە جێناکۆکان بڕیاریان لێدراوە و تا ئێستا لە رووی لۆجستیی و داراییەوە نەچووەتە پێش و لەو ناوچانە بە تەواوەتی جێگیر نەکراون، تاوتوێ دەکرێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا، باس لە بەشداریی خوێندکارە ئەفسەرە پێشمەرگەکان لە خوێندنی باڵا لە کۆلێژەکانی ئەرکانی بەغدا دەکرێت. رەنگە ژمارەیەک پرسی دیکەیش باس بکرێن کە پەیوەندییان بە ھەردوو وەزارەتەوە ھەیە.

هاوکات، فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەکانی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شاندێکی سەرۆکایەتی ئەرکانی پێشمەرگە بە سەرۆکایەتی عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە گەیشتوونەتە بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنی هێزە هاوبەشەکان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەردانەکە بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هەماهەنگی کردنی ئەمنی و هەواڵگری نێوان فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان و پاسەوانانی سنورە لە هەرێم لەو ناوچانبەی گرنگن بۆ هەردوولا بە ئامانجی راوەدونانی گروپە چەکدارییەکان.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا چەندین جار بە ئاراستەکردنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ھێرشکراوەتە سەر ھەولێر کە بەھۆیانەوە زیانی ماددییان لێکەوتووەتەوە کە بەشێک لەو ھێرشانە لەلایەن گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانەوە ئەنجامدراون و بەشێکیشیان ئێران بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی لە ئەستۆ گرتووە.













گەلەری

‌بەپەلە