سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، بۆ هیچ لایەنێک نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بکات. دەشڵێت، " سەرپێچی کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە سەرپێچی کردنی دەستور و یاسا".
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فایەق زیدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بە رۆژنامەی فەرمی سەباحی عێراقی راگەیاند، دادگای باڵای فیدراڵی بەشێکە لە دادوەری و بە شێوەیەکی سەربەخۆ لە حکومەت کارەکانی ئەنجام دەدات.
لەبارەی ئەوەی دادگای فیدڕاڵی و حکومەتی
فیدڕاڵی رێککەوتبن و دواتر دادگا بڕیاری قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی دابێت، فایەق زیدان ئاماژەی بەوەدا، لە دۆسییەی هەناردەکردنی نەوت و غازی هەرێم، وەزارەتی
نەوتی عێراق لایەنی سکاڵاکارە و نوێنەری بیروڕای حکومەتە.
وتیشی، لە دوای بەدواداچوونی
دۆسییەکە، دەرکەوت کە وەزارەتی نەوت بە پێی دەستوور مافی ئەو داوایەی هەیە، دادگای
باڵای فیدراڵیش لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت بڕیارەکەی یەکلاکردەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای
دادوەری ئەوەشی ئاشکراکرد، پابەندبوون بە بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی ئەرکێکی
دەستوری و یاساییە، بۆ هیچ لایەنێک نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی
بکات، سەرپێچی کردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی واتە سەرپێچی کردنی دەستور و یاسا.
ئەمە لەکاتێکدایە، دادگای
باڵای فیدراڵی عێراق لە رێکەوتی ١٢ی ٢ی ٢٠٢٢ بڕیاری نادەستوری بوونی یاسای ژمارە (٢٢)ی
نەوت و غازی هەرێمی دەرکرد بەوەی یاسای
فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم پێچەوانەی بڕگەکانی
(١٣٠،١٢١،١١٥،١١٢،١١١،١١٠)ی دەستوری عێراقە.هاوکات، حکومەتی هەرێمی پابەند کرد بە رادەستکردنی نەوتی هەرێم .
لەبەرامبەردا، ئەنجومەنی
دادوەری هەرێم لە رێکەوتی ١٧ی ٥ی ٢٠٢٢ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، یاسای نەوت
و غازی هەرێم پێچەوانەی دەستوری عێراق نییە و بەپێی دەستور و ماددەکانی (١١٠) و (١١٢)ی دەستور
دارێژراوە، بەپێی یاسا کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم تەنیا لە دەستی دەسەڵاتدارانی هەرێم
دایە.