سەردێڕ:

ئەڵمانیا: روسیا بە کەمکردنەوەی گازی سروشتی هێرشی ئابووری لە بەرامبەرمان دەستپێکردووە

PM:06:08:22/06/2022

3248 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری ئابووری و پاراستنی ئاووھەوای ئەڵمانیا کەمکردنەوەی ناردنی گازی سروشتی بۆ ئەوروپا لەرێگەی بۆریی نۆرس ستریمەوە بە بیانیووی هەبوونی کێشە تەکنیکییەکانەوە؛ وەک "ھێرشێکی ئابووری" ھەڵسەنگاند.


رۆبێرت ھابێک وەزیری ئابووری و پاراستنی ئاووھەوای ئەڵمانیا، لە میانی بەشداریکردنی لەو کۆبوونەوەیەی کە لە چوارچێوەی رۆژی پیشەسازیی ئەڵمانیا رێکخرابوو، کاردانەوەی لە بەرامبەر کەمکردنەوەی ناردنی گازی سرووشتی بۆ ئەوروپا لەلایەن کۆمپانیای گازپڕۆمی روسی لە رێگەی بۆری نۆرس ستریمەوە بەھۆی کێشەی تەکنیکی نیشاندا.

رۆبێرت ھابێک دەشڵێت، "کەمکردنەوەی دابینکردنی گاز لە رێگەی بۆری نۆرس ستریم ھێرشێکە بۆ سەر ئێمە، ھێرشێکی ئابوورییە بۆ سەر ئێمە" و ئاماژەی بەوە کرد، ئەو بڕینە بەشێکە لە پلانی سەرۆکی روسیا بۆ دروستکردنی "ئاژاوە" لە بازاڕی گازی ئەوروپادا.

وەزیری ئابوری و پاراستنی ئاووھەوای ئەڵمانیا راشیگەیاند، "ئەمە رەھەندێکی نوێیە و نابێت رێگە بەم ستراتیژییە بدرێت سەرکەوتوو بێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، کۆمپانیای گازپڕۆم لە ١٥ی حوزەیراندا ئاشکرایکردبوو، ھەندێک ئامێری تەکنیکی کە بۆ چاککردنەوە بۆ کۆمپانیای سیمێنسی ئەڵمانی نێردراوە ھێشتا نەگەڕاوەتەوە و ھۆشداریی لە کەمکردنەوەی ناردنی گاز لە رێگەی بۆری نۆرس ستریمەوە دابوو.

کۆمپانیاکە ئەوەشی راگەیاندبوو، دەتوانرێت لە ١٦ی حوزەیرانەوە رۆژانە ٦٧ ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی لە رێگەی بۆریی نۆرس ستریمەوە دابین بكرێت.













گەلەری

‌بەپەلە