وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، بڵاوبوونەوەی کۆلێرا لە هەرێم ئاسایی نیە چونکە ناکرێت وڵاتێک ئاوی خواردنەوەی پاک نەبێت.
ئاسۆ حەوێز وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، سکچوون و رشانەوە پەتایەکی وەرزییە و لە وەرزی هاویندا زیاد دەبێت بەڵام لە ئێستادا حاڵەتەکانی ئەو پەتایە زۆربووە بە رادەیەک گومانی بۆ پزیشکان دروستکردووە و دوای پشکنین بۆیان دەرکەوتووە پەتاکە کۆلێرایە.
ئاماژەی بەوەشدا، بڵاوبوونەوەی
کۆلێرا لە هەرێم ئاسایی نییە چونکە ناکرێت وڵاتێک ئاوی خواردنەوەی پاک نەبێت.
باسی لەوەشکرد، رانەگرتنی
پاک و خاوێنی ئاوی خواردنەوە و خواردن و
پاک و خاوێنی تاکە کەسی هۆکارن بۆ بڵاوونەبوونەوەی کۆلێرا و چەند رێگری لە هۆکارەکان
بکرێت ئەوەنەش کەمتر بەکتریاکە بڵاودەبێتەوە.
هاوکات لەبارەی پاکی خواردن
و خواردنەوەوە، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەوەی خستەڕوو، خواردنێکی زۆری بەسەرچوو
دێتە هەرێم و پێویستە هەموو لایەک هەماهەنگ بن بۆ رێگریکردن لێی. دەشڵێت، "کۆلێرا
تاکە نەخۆشی نییە خۆراک و ئاوی پیس دەبنە هۆکار بۆی."
ئاسۆ حەوێز لەبارەی
پاکوخاوێنی سەوزەوە ئاماژەی بەوەدا، پێش تۆمارکردنی حاڵەتی کۆلێرا وەزیری تەندروستی
لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کۆبووەتەوە بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و خواردنی سەوزە
و خواردنی پیس کە راستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستی هاوڵاتییانەوە هەیە و دەشڵێت،
"ئەو کێڵگانەی سەوزە کە روخێندران هۆکارێکی پەتای کۆلێرا بوون."
باسی لەوەشکرد، پەتاکە مەترسیدارە
و رێکخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشیاری لەبارەوە داوە و پێویست نییە هاوڵاتیان بترسن
تەنها خۆیان بپارێزن و بە زوویی سەردانی نەخۆشخانەکان
بکەن بەسە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، وەزارەتی
تەندروستی حکومەتی هەرێم پێشتر رایگەیاند، تیمەكانی پەتازانی بەپێی ستانداردی پەتازانی،
رێژەی پشكنین بۆ دۆزینەوەی حاڵەتەكانی كۆلێرا ئەنجامدراوە و ژمارەیەک لە حاڵەتەكانی
كۆلێرا لە تەمەنە جیاوازەكان لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەولێر دەستنیشانكراون
دوای پشتڕاستكردنەوەی تاقیگەیی.