سەردێڕ:

تەندروستی سلێمانی رێنمایی لەبارەی نەخۆشی کۆلێراوە بڵاوکردەوە

PM:05:04:21/06/2022

13736 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا چەند رێنماییەکی نوێی لەبارەی نەخۆشی کۆلێرا بڵاوکردووەتەوە و ئاماژە بەوەکردووە بۆ بەدووربوون لە نەخۆشییەکە پێویستە هاوڵاتییان پەیڕەوەی بکەن.


لە راگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانیدا ئاماژە بە چەند خاڵێک کراوە کە ئەمانەن:

یەکەم: شوشتنی دەستەکان بەشێوەیەکی بەردەوام بە سابوونی شل لە کاتەکانی پێش (نانخواردن و ئامادەکردنی خواردن و شیرپێدانی منداڵ و ئامادەکردنی شیر و خواردن بۆ منداڵ و بەکارهێنانی دەرمان و هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش) لەگەڵ کاتەکانی، پاش (چوونە تەوالێت، نان خواردن، هەڵسوکەوت لەگەڵ نەخۆش و پاککردنەوەی منداڵ).

دووەم: پاککردنەوەی تانکی ئاوی خواردنەوەی ماڵان بەشێوەیەکی بەردەوام بەلایەنی کەمەوە شەش مانگ جارێک و داپۆشینی سەری تانکییەکە.

سێیەم: شۆردنەوەی سەوزە و میوە بە باشی و بە ماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆن یان خوێ و هەر پاککەرەوەیەکی دیکە و پێداکردنی ئاوێکی زۆر دوای پاککردنەوەی.

چوارەم: نەخواردنی خواردنی سەر عەرەبانەکان و دەستگێڕەکان.

پێنجەم: دڵنیابوونەوە لە ئاوی خواردنەوە و خواردنەوەی ئاوی بەلوعە لەجێگەی ئەویش ئەگەر نەبوو خواردنەوەی ئاوی بوتڵکراوی کارگەکان و هەر کاتێک ئاوی بیر خورایەوە پێویستە بە باشی بکوڵێندرێت.

کۆلێرا نەخۆشییەکە بەھۆی بەکتریای ڤایبریۆ کۆلێرا تووشی مرۆڤ دەبێت، زۆربەی کات لە رێگەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە و خۆراکی پیسەوە بڵاو دەبێتەوە، نەخۆشیێکی درمە و لە کاتی تووشبوونی چەند کەسێکی ناو کۆمەڵگە، زۆر بە خێرایی دەگوازرێتەوە بۆ کەسانی دیکە.













گەلەری