سەردێڕ:

سۆمۆ پێشبینی نوێی بۆ نرخی نەوت لەم ساڵدا ئاشکرا کرد

PM:03:01:21/06/2022

7436 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" رایگەیاند، پێشبینیدەکەن نرخی یەک بەمیل نەوت تا کۆتایی ئەم ساڵ لە نزیکی ١١٥ دۆلاردا بمێنێتەوە. دەشڵێت، "لە مێژووی هەناردەکردنی نەوتدا مانگی رابردوو زۆرترین داهاتی نەوت دەست حکومەت کەوتووە".


ئەمرۆ سیشەممە، محەمەد سەعدون بەڕێوەبەری بەشی گەڕانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە مێژوی هەناردەکردنینەوتی عێراقدا مانگی رابردوو بۆ یەکەمجار بەرزترین ئاستی دەستکەوتنی داهات تۆمار کراوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، مانگی رابردوو داهاتی نەوتی فرۆشراو نزیکەی ١١ ملیار دۆلاربووە، هەربۆیە پێشبینیدەکەن تێکڕای داهاتی نەوت بەم بەرزییەی بمێنێتەوە و تا کۆتایی ئەمساڵ نرخی یەک بەرمیل نەوت بە ١١٥ دۆلار بفرۆشرێت.

محەمەد سەعدون ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا لە وەرزی سێیەمی ئەمساڵدان و لە سێ مانگی داهاتوودا نرخی نەوت جێگیری بەخۆیەوە دەبینێت.

وتیشی، بەهۆی جەنگی روسیا و ئۆکرانیاوە بازاڕی نەوت لە جیهاندا رووبەڕووی ئاڵنگاری دەبێتەوە، هەربۆیە پێشبینیدەکەن بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی روسیا ملیۆنێک بۆ ملیۆن و نیوێک بەرمیل کەم بکات، بەمەش نرخی نەوت لەبەرزیدا جێگیردەبێت.

بەڕێوەبەری بەشی گەڕانی کۆمپانیای سۆمۆ باسی لەوەشکرد، زۆرینەی ئاژانسە جیهانییەکانی وزە پێشتر پێشبینی ئەوەیان کردبوو کە نرخی یەک بەرمیل نەوت لە نێوان ٩٥ بۆ ١٢٠ دۆلار دەبێت، بەڵام دەستبەرداری ئەم تێڕوانینەیان بوون، بانکە جیهانییەکانیش پێشبینی ئەوەیان کرد نەرخی نەوت بگاتە ١١٥ دۆلار لەکاتێکدا بەشێک لە کۆمپانیاکان لەو باوەڕەدابوون نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بگاتە ١٥٠ دۆلار.

ئەوەشی ئاشکرا کرد، قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی روسیا لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە کاریگەری لەسەر داهاتی نەوت دەبێت لە ساڵی ٢٠٢٣دا و کاریگەرییەکەش تا ٢٠٢٤ درێژ دەبێتەوە و پێشبینیدەکرێت نرخی یەک بەرمیل نەوت بگاتە ١٢٠ دۆلار.













گەلەری