سەردێڕ:

زانیاری نوێ لە بارەی سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییانەوە ئاشکرا کرا

PM:01:58:21/06/2022

214112 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردنی خۆراك رایگەیاند، لە دوای دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک سەبەتەی خۆراک بۆ هاوڵاتیان دابین کراوە و سێ سەبەتەی خۆراکی یەدەگیش ئامادەیە. دەشڵێت، "ماددەکانی نێو ئەو شەش سەبەتەی ئەمساڵ برنج و شەکر و زەیتی خواردن و دۆشاو و پاقلەمەنیەکانن".


لەما موسەوی بەڕێوەبەری كۆمپانیای گشتی بۆ بازرگانیكردنی خۆراك رایگەیاند، لە یاسای ئاسایشی خۆراکدا بۆ ئەمساڵ شەش سەبەتەی خۆراکی دابین کراوە و مانگانە هەتا کۆتایی مانگ دابەشدەکرێن.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو شەش سەبەتەیە وەک پاڵپشتێکی ستراتیجی بۆ ئاسایشی خۆراکی ئەمساڵ لە یاساکەدا جێگیرکراوە.

دەشڵێت، "ماددەکانی نێو ئەو شەش سەبەتەی ئەمساڵ حەوت ماددەن."

لەبارەی جۆری ماددەکانیشەوە ئاماژەی بەوەدا، برنج و شەکر و زەیتی خواردن و دۆشاو و پاقلەمەنیەکان لە سەبەتەی خۆراکەکەدا دەبن.

لە هەشتی حوزەیرانی ئەمساڵدا پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر پڕۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک دا و ئەو یاسای تێپەڕاند و پەسەندی کرد.

پڕۆژەیاسای خۆراک بوجەکەی ٢٥ ترلیۆن دینارە و لە لایەن حکومەتی کاربەڕێکەری عێراقەوە پێشکەشی پەرلەمانی وڵات کراوە و تێیدا حکومەتی عێراق دەیەوێت، شایستە داراییەکانی جوتیارانی عێراق بدات و دڵنیایی بۆ فۆڕمی بایەعی دابین بکات و قەرزەکانی کەرتی کارەبا و قەرزی کۆمپانیا نەوتییەکانی بداتەوە و پڕۆژەکانی بنیادنانەوە لە عێراق کارا بکرێتەوە و شایستە داراییەکانی پڕۆژە بچوکەکانیش بدات.

لەبارەی سودەکانی ئەو یاسایە بۆ هەرێمی کوردستان رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، یاساکە بۆ خەڵکی هەرێم گرنگە بەتایبەتی لەم کاتەدا کە یەکێتی و پارتی دەستییان لە بینەقاقای خەڵکدایە، موچە دوادەخەن، کاری هاوڵاتییان دوادەخەن، ئەگەر بێت و بایەعیش نەمێنێت کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر هەرێم دەبێت.

ئاماژەی بەوەشدا، وەک نەوەی نوێ ئەوەی زۆر بەلایانەوە گرنگە بابەتی دەرمان و خۆراکە کە بابەتێکی سەرتاسەرییە و ئەگەر بێتو دەرمان و خۆراک بکڕدرێت بەشی هەرێمیشی تێدایە.

لەبارەی پارەی گەنمی جوتیارانیشەوە، رێبوار ئەوڕەحمان ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ ئاشکرایکرد، ئەم پرۆژەیاسایەدا ئەو بڕگەیەی تێدا جێگیرکراوە و دەتوانێت پارەی گەنمی جوتیاران دابین بکات وئومێدەوارن پاش خوێندنەوەی یاسایی بۆ پڕۆژە یاساکە پەسەند بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

وتیشی، لە هەردوو پرۆژە یاسای ئاسایشی خۆراک و پارەی گەنمی جوتیاران ناوی"هەرێمی کوردستان" جێگیر کراوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، "ئەگەر ئەم پڕۆژەیاسا ٢٥ ترلیۆنیە لە پەرلەمان تێبپەڕێندرێت ئەوا نیشانەیەکە بۆ ئەوەی هەتا ساڵی تازە ئەم حکومەتە دەتوانێت کارەکانی حکومەتی بنچینەی عێراق بەڕێبکات.













گەلەری