سەردێڕ:

حکومەتی هەرێم داوای بڕە پارەیەکی دیکەی لە حکومەتی عێراق کرد

AM:12:00:21/06/2022

4480 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەپەیامێکیدا داوای لە حکومەتی عێراقی فیدڕاڵ کرد بە بڕی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلای هاوکاری حکومەتی هەرێم بکات بۆ یارمەتیدانی زیاتری پەنابەرانی عێراقی لە هەرێم.


ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی په‌نابه‌رانه‌وه‌ لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، "داوا له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ و هاوبه‌شه‌كانمان ده‌كه‌ین، بۆ یارمه‌تیدانی زیاتری په‌نابه‌ران بڕی یه‌ك ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار هاوكاریمان بكه‌ن".

ئاماژەی بەوەشداوە، توندوتیژی و چه‌وساندنه‌وه‌ له‌ عێراق و سوریا بووەتە‌ هۆكار كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هاوڵاتییان ماڵه‌كانیان به‌جێبهێڵن.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، "زۆربه‌مان له‌هه‌رێمی كوردستان رۆژانێك له‌مه‌وبه‌ر ئاواره‌ بوین، هه‌ربۆیه‌ كوردستانیش هه‌میشه‌ وه‌ك په‌ناگه‌ ده‌مێنێته‌وه‌".

ئەمە لەکاتێکدایە، ساڵانە لە جیهاندا رۆژی ٢٠ی حوزەیران رۆژی جیهانی پەنابەرانه‌ که‌ له‌لایه‌ن رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتوه‌کانەوە لە ساڵی ١٩٥١ وە به‌ "رۆژی جیهانی په‌نابه‌ران" ناسراوه‌، ئەم رۆژەش له‌سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له‌لایه‌ن رێکخراوه‌کانی به‌رگریکار له‌مافه‌کانی په‌نابه‌رانه‌وه‌ به‌رز راده‌گیرێت و چەندین راپۆرت و ئامار لەسەر ژمارە و دۆخی پەنابەران لە جیهاندا بڵاودەکرێتەوە.













گەلەری