سەردێڕ:

لە چەند هێرشێکی گروپە چەکدارییەکان لە مالی ١٣٢ کەس کوژران

PM:11:45:20/06/2022

1580 جار خوێندراوەتەوە

حکومەتی مالی رایگەیاند، لە چەند هێرشێکی گروپی چەکداری بەرەی رزگاریکردنی ماسینای سەربە رێکخراوی ئەلقاعیدەی مەغریب (AQIM) بۆ سەر گوندەکانی ئەو وڵاتە ١٣٢ کەس کوژراون.


حکومەتی مالی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شەوی ١٨ لەسەر ١٩ی حوزەیران رێکخراوی چەکداری بەرەی رزگاریکردنی ماسینای سەربە رێکخراوی ئەلقاعیدەی مەغریب (AQIM) ھێرشیان بۆسەر گوندەکانی دیناوەلی، دیاللاساگۆو و دیگوساگۆو-ی سەربە شارۆچکەی بانکاس ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، ١٣٢ کەس لە ئەنجامی ھێرشەکان گیانیان لەدەستداوە.

لە راگەیەندراوەکەیدا حکومەتی مالی بە توندی سەرکۆنەی ھێرشەکەی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوەی پێویستبێت بۆ دەستگریکردنی ئەنجامدەرانی ھێرشەکە دەیگرنەبەر.

ناوچەی ساحل، کە بە "سنووری سێ وڵات" بورکینا فاسۆ، مالی و نێجیر ناسراوە، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی چەندین ھێرشی گروپە چەکدارییەکانی سەر بە رێکخراوی ئەلقاعیدە و داعش دەبێتەوە.

لە ساڵی ٢٠١٣ەوە ئێستا، لە مالی سەرەڕای ھەبوونی نوێنەرایەتی سەربازیی وڵاتانی بیانیی جێگیرکراو، بەڵام ھێشتا ھێرشی گروپە چەکدارییەکان لەو وڵاتە بەردەوامن.













گەلەری