PM:10:25:20/06/2022
1876 جار خوێندراوەتەوە
فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، لەبارەی دۆسییەکانی رووبەڕووبوونەوەی داعش و کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان و پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کردووە.
ئەمرۆ دووشەممە، تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەیان بۆ شاری هەولێر بە سەرۆکایەتی عەبدولئەمیر یاروڵا سوپاسالاری سوپای عێراق پیرۆزباییکردن بووە لە دەستبەکاربوونی سوپاسالاری نوێی پێشمەرگەبووە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە چوارچێوەی
سەردانەکەیاندا لەگەڵ چەند بەرپرسێکی باڵای هەرێم دیدار و کۆبوونەوەیان سازکردووە.
تەحسین خەفاجی ئەوەشی
خستووەتەڕوو، لەگەڵ بەرسانی هەرێم لەبارەی دۆسییەکانی رووبەڕووبوونەوەی
داعش و کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان و پڕکردنەوەی
ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە تاوتوێ کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی
رابردوودا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی جموجوڵەکانی داعش لەو ناوچانەی بۆ شایی
ئەمنییان تێدایە لە نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی سوپا، هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان
و سوپای عێراق رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی دوو لیوای هاوبەش کە سەر بە وەزارەتی
بەرگری عێراق بێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان هەیە و چەکدارانی داعش تێیاندا چالاکن و لێیانەوە هێرش
دەکەنە سەر پێشمەرگە و سوپای عێراق.